لێبوردنی نێودەوڵەتی: ٣٠ خۆپیشاندەر لەژێر مەترسی لەسێدارەداندان
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، لانیکەم ٣٠ کەس بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئێراندا، لەژێر مەترسی لەسێدارەدانن، دەشڵێن: دەسەڵاتدارانی ئێران سیستەمی دادوەری بۆ سەرکوتکردنی خەڵک بەکاردەهێنن.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەربارەی بارودۆخی دەستبەسەرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لانیکەم ٣٠ کەس بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێراندا، لەژێر مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانن، کە دوو منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵی تێدایە.
ئاماژە بەوەشکراوە، تۆمەتباران لە پرۆسەیەکی خێرا و بەبێ هەبوونی پارێزەری سەربەخۆ دادگایی کراون و سزاکانیان لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ بووە، دەسەڵاتدارانی ئێران سیستەمی دادوەری وەک ئامرازێک بۆ ترساندنی کۆمەڵگە و سەرکوتکردنی داواکارییەکان بەکاردەهێنن.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکات فشار بخەنە سەر ئێران بۆ ڕاگرتنی سێدارەو ڕێگەدان بە چاودێرە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەردانی زیندانەکان.