لەبەرامبەر دەستگیرکردنی ٨٠ هاوڵاتی سووری داوایەک لە حکومەتی عێراق دەکرێت

حکومەتی عێراق زیاتر لە ٨٠ هاوڵاتی سووری دەستگیرکردووەو ترس هەیە ڕادەستی ڕژێمی بەشار ئەسەدیان بکات.

 

ناوەندی هەواڵ- میدیا عەرەبییەكان بڵاویان كردووەتەوە، حكومەتی عێراق نزیكەی چەند مانگێكە زیاتر لە ٨٠ هاوڵاتی سووری كە زۆربەیان كوردن و لە نێویاندا ژن و منداڵ هەیە، بە تۆمەتی سەرپێچیكردنی لە مۆڵەتی مانەوە دەستبەسەر كردووە. 

هەروەها لە دوای گەڕانەوەی سووریا بۆ ناو كۆمكاری عەرەبی و ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، وڵاتان دەیانەوێت بە شێوەیەكی خواستن یان بەزۆر هاوڵاتیانی سووریا ڕادەستی ڕژێمی ئەسەد بكەنەوە، هەر وەك لە هەفتەی ڕابردوودا عێراق سێ هاوڵاتی سووری ڕادەستی ڕژێمی ئەسەد كرد.

بە مەبەستی ڕێگری کردن لە ڕادەستکردنەوەی هاوڵاتیانی سووری بە ڕژێمی بەشار ئەسەد، بۆ سێهەمین ڕۆژ لەسەریەك چالاكوانانی مافی مرۆڤ  لە سووریا و عێراق، داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکەن دەیان دەستگیركراو سووری ڕادەستی ڕژێمی بەشار ئەسەد نەكات.

چالاکوانان داوا لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و دەسەڵاتدارانی بەغدا دەکەن دەستوەردان بكەن بۆ ئازادكردنیان و نەگەڕاندنەوەیان بۆ سووریا.