خۆبەڕێوەبەری سەبارەت بە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەبارەی هێرشی چەتەکانی ئەحمەد شەرع و تورکیاوە ڕایگەیاند، هێرشی نامرۆڤانە بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ئەنجام دراوە و تاوانی جەنگ ئەنجام دراوە و دەشڵێت: ئەو کۆمەڵکوژی و سوکایەتییانەی ئەنجامدەدرێن بێ سزا نامێننەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەبارەت بە هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب و ئەو تاوانانەی کە ئەنجامدراون ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

 

لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ٦ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ـدا، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب ڕووبەڕووی هێرشێکی سەربازی بەرفراوان بوونەوە، کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتیی سووریا، وەکو بەشێک لە پلانێکی تورکیا و بە پشتیوانی بێدەنگی زلهێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان دەستی پێکرد، ئەم هێرشە بەشێکی نوێیە لە بە ئامانجگرتنی بوونی کورد.

 

ڕاشیگەیاند، ئەم هێرشانە لە بنەڕەتدا هێرشێکی نێودەوڵەتیی بوو بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە و بە هەزاران ئەندامی گرووپە چەکدارەکان بە جۆرەها چەکی قورس هێرشیان ئەنجامدا، هەروەها ئەندامانی داعش بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە، لە بەرامبەر ئەم هێرشانە و ئەو ژمارە زۆرەدا، تەنیا سەدان ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەبوون و شەڕێکی نایەکسان بەڕێوەچوو، دوور لە بەها مرۆییەکان و ئەخلاق و یاسا نێودەوڵەتییەکانی شەڕ.

 

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باسی لەوەشکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەڤاڵانمان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرخۆدانێکی مێژووییان کرد و قارەمانانە دژی ئەم هێرشە وەستانەوە، بە فیداکارییان لە بەرزترین ئاستادا پەیوەستبوونی خۆیان بە نرخ و دۆزی گەلەکەیانەوە نیشاندا، قوربانیدانەکانیان بۆ هەمیشە لە دڵ و مێشکی میللەتەکەماندا دەمێنێتەوە.

 

لە بەردەوامیدا ڕایگەیاند، گرتنی ئەو دوو گەڕەکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگرییەوە ناتوانرێت بە سەرکەوتن پێناسە بکرێت، بە پێچەوانەوە کردەوەیەکی خیانەت و تاوانێکی قورسە کە دەسەڵاتێک کە بانگەشەی نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکات، ئەنجامی دەدات، بەڵام لەهەمانکاتدا هاووڵاتیانی خۆی دەکوژێت و کەرامەتیشیان پێشێل دەکات، دەسەڵاتێک کە بانگەشەی پاراستنی ئیسلام دەکات، بێڕێزی بە تەرم دەکات، تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات، هەر حکومەتێک پشت بە دەوڵەتێکی تر ببەستێت دژی گەلەکەی خۆی، شەرعییەتی خۆی لەدەست دەدات، چونکە تەنها گەل سەرچاوەی ڕەوایەتییە.

 

خۆبەڕێوەبەری باسی لەوەشکردووە، ئێمە ڕایدەگەیەنین ئیرادەی گەلەکەمان کە دەیان ساڵە لە دژی گەمارۆ و نادادپەروەری بەرخۆدان دەکات، سەرکەوتنێکی ڕاستەقینەیە، هەروەها ڕایدەگەیەنین ئەو کۆمەڵکوژی و پێشێلکاری و سووکایەتیانەی بەرامبەر گەلەکەمان و شەهیدەکانمان ئەنجام دەدرێن بێ سزا نامێننەوە، تا لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسان نەکرێت، برینەکانیان لە ویژدانی ئێمەدا بە زیندووی دەمێنێتەوە.

 

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ڕایگەیاند، داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤە دەکەین چاودێری دۆخی مرۆیی و ئەمنی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بکەن، گەلەکەمان تووشی هێرشی دڕندانە و پێشێلکردنی کەرامەتی مافی مرۆڤ و لەسێدارەدان و تاوانی جەنگ و پاکتاوی نەتەوەیی و گۆڕینی دیمۆگرافی بووەتەوە، هەروەها داوای بوونی هێزێکی نێودەوڵەتیش دەکەین لە هەردوو گەڕەکەکە بۆ ڕێگریکردن لە تاوانی زیاتر.

 

لە کۆتایشدا دەڵێت: ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشە گۆڕانی دیمۆگرافییە، داوا لە دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکەمان دەکەین لە ماڵەکانیان بمێننەوە، داوا لەو کەسانە دەکەین کە ئاوارە بوون بگەڕێنەوە، ئێمە بە تەواوی ئاگاداری ئەو ئازارە گەورەیەین کە گەلەکەمان تووشی بووە، ئێمە وەک ئیدارەی خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایدەگەیەنین، کە هەموو سەرچاوە ماددی و ئەخلاقییەکانمان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم شەڕە پێشکەش دەکەین، ئێمە لە هەموو شوێنێک و لە هەموو بارودۆخێکدا لە تەنیشت گەلەکەمان دەوەستینەوە.