لافیتەیەک لە تاران حیجاب بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیەوە دەبەستێتەوە
لافیتەیەک کە لەسەر ڕێگایەکی خێرا لە تاران دانرابوو، مشتومڕێکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی پابەندبوونی ژنانی بە حیجابەوە گرێدا بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
ماریا کەریمی
ناوەندی هەواڵ- دەسەڵاتدارانی ئێران هەمیشە هەوڵیانداوە تاوانی گەندەڵی لەو وڵاتە و قەیرانەکانی دیکە بخەنە ئەستۆی ژنان، بەڵام ئەم سیاسەتانە بەهاکان لە ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆیان بەتاڵ دەکەنەوە و جەستە و جلوبەرگی ژنان دەکەنە ئامرازێک بۆ جوانکردنی وێنەی دەسەڵات و پێدانی شەرعیەتی ساختە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لافیتەیەک لەسەر ڕێگایەکی خێرا لە تاران هەڵواسرا کە لەسەری نووسرابوو، ''خوشکانی ئازیزم ئەگەر پابەند بن بە حیجابی ئیسلامییەوە، بەڵێن دەدەین هەمووهەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەرجەستە ڕێگری لە گەندەڵی و قازانج لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا لە وڵاتدا بکەین''، وێنەی ئەو لافیتەیە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە و کاردانەوەی تووڕەیی هاووڵاتیان و میدیاکانی لێکەوتووەتەوە، کە بە بەڵگەی دژایەتیی لە گوفتارێکی ڕەسمی لە ئێراندا دەیبینن.
ئەم نیشانەیە دەتوانرێت بە نموونەیەکی ڕوون لە هەوڵی دەسەڵات بۆ لادانی بەرپرسیارێتی هەژمار بکرێت، بەو پێیەی هەوڵدەدات هۆکارە پێکهاتەیی و دامەزراوەییەکانی گەندەڵی کە لە ئەنجامی لاوازی چاودێریکردن، تۆڕەکانی کرێداویستی ''تۆڕەکانی سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکان بەبێ بەرهەمهێنان'' و پێکهاتە ئابووری و سیاسییەکان ببەستێتەوە بە ڕەفتارە تاکەکەسییەکانی تایبەت بە ژنان، ڕەخنەگران ئەم ڕێبازە بە نالۆژیکی و سووکایەتیکردن وەسف دەکەن، بەو پێیەی ژنان وەک تاوانبار یان بەرپرسیار لە کێشەکانی ئابووری و کارگێڕی گشتی وێنا دەکات، ئەمەش بە بەشێک لە میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی و هەوڵێک بۆ پەردەپۆشکردنی کەموکوڕییەکانی حکومەت دەزانن.
لە بنەڕەتدا ڕژیم وەک بەشێک لە چاودێران دەیبینن، لە ڕێگەی گوتارێکەوە کە لە ڕووکەشەوە وا دەردەکەوێ کە تایبەتە بە "ئەخلاق"، بەڵام لە ناوەوە ئایین و کۆنترۆڵی ژنان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکان بەکاردەهێنێت، بۆ پاککردنەوەی وێنەکەی کە بە گەندەڵی و سەرکوتکردن پەڵەدارە، هەوڵدەدات ڕەمزگەرایی حیجاب بەکاربهێنێت.
لە ڕوانگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، ئەم پەیامە سێ کاریگەریی ڕاستەوخۆ و قووڵی هەیە، لەوانە، هۆشیاری گشتی لە هۆکارە ڕاستەقینەکانی گەندەڵی تێکدەدات، هەروەها ژنان دەکاتە " قوربانی بۆ لێپرسینەوەی سیاسی"، کە لەوێدا بە ناڕەوا تۆمەتبار دەکرێن، وە کەلێنی نێوان کۆمەڵگە و دامەزراوە حکومییەکان قووڵتر دەکاتەوە، کە لەبری چاکسازی و لێپرسینەوە لە خەڵک بە شێوەیەکی شەفاف تەنیا تێڕوانینەکانی گشتی بەڕێوەدەبەن و لۆمە دەگۆڕن، کاردانەوەکانی بەکارهێنەرانی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان ڕەنگدانەوەی هەمان ئەو هەستانە بوو، زۆرێک نووسیویانە ئەگەر دەسەڵاتداران بەڕاستی مەبەستیان بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بووایە، ئەوا پێش ئەوەی ژنان بکەنە ئامانج سەرنجیان لەسەر جێبەجێکردنی میکانیزمەکانی شەفافیەت و لێپرسینەوە دەبوو.
هەروەها ئەم نیشانەیە گوزارشتە لە ترسی حکومەت لە ئیرادەی ژنان و ڕۆڵی کۆمەڵایەتیان، پەیامی لافیتەکەکە ئەوەیە لەبەرکردنی حیجاب بە مەرجی کەمکردنەوەی گەندەڵی دەزانێت، دەریدەخات لەبری ئەوەی دان بە لاوازی کارگێڕی و نەبوونی ڕێکوپێکی لە پێکهاتە ئابوورییەکاندا بکەن، دەیانەوێت لە ڕێگەی پەیامی هێمای و ئەخلاقی بەرپرسیارێتی بگوازنەوە بۆ پۆلێک لە هاووڵاتیان، ئەمە نەک هەر چارەسەر نییە، بەڵکو جیهانی گشتی دژی ژنان ژەهراوی دەکات بە چەسپاندنی چەقبەستوویی و توندووتیژی هێمایی بەرامبەریان.
شیکاری ڕەخنەگرانە دەریدەخات کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەدواداچوون بۆ تۆڕەکانی کرێداویستی پێویستی بە ڕێوشوێنی ناپەیوەندیدار بە ڕەفتاری کەسی یان جلوبەرگی تاکەکان هەیە، وەک پەرەپێدانی شەفافیەتی دارایی، سەربەخۆیی دامەزراوە ڕێکخەرەکان، یاسای توند دژی ناکۆکی بەرژەوەندییەکان، پاراستنی ئازادی زانیاری و میدیا و بەرەنگاربوونەوەی تۆڕە ئابووری و سیاسییەکان کە قازانج لە گەندەڵی دەکەن، هەر گوتارێک کە پرسەکە بچووک بکاتەوە بۆ "ڕووپۆشکردنی ژنان"، سەرنج و هەوڵی کۆمەڵگە لە چاکسازییە پێکهاتەییەکان سەرقاڵ دەکات.
لە کۆتاییدا، ئەو لافیتەی کە باسی لێوە دەکرێت، نوێنەرایەتی ستراتیژییەکی سیاسی دەکات کە بە پلەی یەکەم ئامانجی پەردەپۆشکردنی بێتوانایی و هەوڵدان بۆ دابەشکردنەوەی تاوانباری کۆمەڵایەتی بەسەر ئەو گروپانەدا کە پێشتر کەوتوونەتە ژێر فشاری دەسەڵاتە ڕەسمییەکانەوە، ڕاپۆرتە هەواڵییەکان و کاردانەوە کۆمەڵایەتییەکان بەرامبەر بەو لافیتە دەرکەوتووە کە ئەم پەیامانە نەک هەر بێکاریگەرن بەڵکو توڕەیی گشتی و بێمتمانەیی زیاتر دەکەن، چارەسەری لۆژیکی و دادپەروەرانە بۆ گەندەڵی لە کورتکردنەوەیدا نییە بۆ پرسە ئەخلاقی و کولتوورییە تایبەتەکان، بەڵکو لە چاکسازیی دامەزراوەیی و لێپرسینەوەی شەفاف و دامەزراندنی دادپەروەریدایە.
ئەگەر بمانەوێت وانەیەک لەم ڕووداوە وەربگرین، ئەوە ئەوەیە کە کۆمەڵگە مافی خۆیەتی هۆکارە ڕاستەقینەکانی قەیرانی ئابووری و گەندەڵی بزانێت و داوای چاکسازیی پێکهاتەیی بکات، بەبێ ئەوەی ماف و کەرامەتی ژنان وەک ئامرازێک بۆ دەربازبوون لە بەرپرسیارێتی بقۆزرێتەوە.