لە ڕۆژهەڵات و ئێران ماتەمینی گشتیی بۆ قوربانییانی خۆپیشاندانەکان ڕاگەیەندرا
ئەمڕۆ لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ماتەمینی گشتیی بۆ کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکان دەستی پێکردووە و ڕژێمی ئێران بە هەڕەشەکردن و بڵاوەپێکردنی هێز و تەقەکردن ڕووبەڕووی کەسوکاری قوربانییان و ئازادیخوازان بووەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ کە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندان دەست یپێکرد، بە سەرکوتکردنی دڕندانە و کوشتنی هەزاران خۆپیشاندەر لە دەیان شاردا ڕووبەڕوو بووەوە.
بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان، ئەمڕۆ لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ماتەمینی گشتیی بۆ قوربانییانی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکە بە دەستی ڕژێمی ئێران دەستی پێکرد.
هەروەها هێزە ئەمنییەکان و سوپای پاسداران لە چەند ناوچەیەک ڕووبەڕووی کەسوکاری کوژراوەکان و چالاکوانان بوونەتەوە و هێرشیان کردوونەتە سەر، ڕژێمی ئێران بە داخستنی دەرگای گۆڕستانەکان، بڵاوەپێکردنی هێزە سەرکوتکەرەکان و ڕێگرییکردن لە ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی ماتەمینی هەوڵی سەرکوتکردنی دەنگە ناڕەزایەتییەکانی داوە.
کەسوکاری قوربانییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی فشاری ئەمنیی فراوانیان کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوە یان سنووردارکردنی ئەو ڕێوڕەسمانە، ئەو فشارانەی کە بریتین لە بانگهێشتکردن بۆ وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، هەڕەشەکردن و جێگیرکردنی هێزەکان لەبەردەم ماڵەکان، و تەنانەت قەدەغەکردنی سەردانی ئازادانە بۆ مەزاری گیانبەختکردووەکان و تەقەکردن لە هاوڵاتییان.