لە ئێران ٩کەس لە ئایینی بەهایی دەستگیرکران

٩ کەس لە ئێران بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی باوەڕی بەهایی بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات" دەستگیرکران و ڕەوانەی زیندانی ناوەندی قەراج کراون.

 

ناوەندی هەواڵ- لە شاری قەراج لە ئێران، ٩ کەس لە باوەڕی بەهایی دوای دەستگیرکردنیان بە زیندانی کردن سزادران و گواستراونەتەوە بۆ زیندانی ناوەندی قەراج.

 

مافی چوونە ناو گرووپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان لێ زەوت کراوە

لقی دوازدەهەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئەلبۆرز بەم دواییانە سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەر کامیار حەبیبی و سامان ئۆستۆوەر و ڕاملە تیرگارنەژاد و ئیلهام شەرقی ئارانی سێ ساڵ و ناکیسا سادقی و مەهسا تیرگار بەهنمیری و سەداف شێخزادە و نەگین ڕەزای و شەهراز ڕەزای بە دوو ساڵ و یەک مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، هەروەها ٩ کەس قەدەغەی چوونە دەرەوەیان لەسەرە، مافی ئەندامێتییان لە حیزب و گروپە سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان ڕەتکراوەتەوە.

ئەو ٩ کەسە بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی باوەڕی بەهایی بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات"  "پڕوپاگەندە دژی یاسای پیرۆزی ئیسلام"، "پڕوپاگەندە و بزووتنەوە دژی یاسا پیرۆزەکانی ئیسلام." دەستگیرکران.

ساڵی ڕابردووش ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بەهایی بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکران.