لە ئەفریقا ١٠٠ گیان لەدەستدان و ٧٠٠ هەزار ئاوارە بەهۆی لافاوەوە تۆمارکرا

دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا وەرزی بارانبارینی لە ئەفریقا فراوانتر کردووە، کە بە یەکێک لە ناوچە لاوازەکان دادەنرێت بۆ گۆڕانی کەشوهەوا.

 

 ناوەندی هەواڵ- بەلایەنی کەمەوە ١١١ کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا ١٦ منداڵ هەن، هەروەها ٧٠٠ هەزار کەسیش بەهۆی ئەو لافاوەوە ئاوارە بوون کە بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە ئەفریقا ڕوویاندا.

ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان ڕۆژی ١٦ی تشرینی دووەم ئاماژەی بەوەدا، گۆڕانی کەشوهەوا وەرزی بارانبارینی ناوچەکەی فراوانتر کردووە و کاریگەری لەسەر سۆماڵ و ئەسیوبیا و کینیا کردووە.

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند بارانبارینی بەردەوام لە پارێزگاکانی باکوری کینیا و نایرۆبی پایتەخت بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بووە هۆی دروستبوونی لافاو، بەهۆیەوە نزیکەی ٣٦ هەزار کەس ئاوارەبوون و ٤٦ کەسیش گیانیان لەدەستدا، لە سۆماڵ ٣٢کەس و ٣٣ کەس لە ئەسیوبیا گیانیان لەدەستدا، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ڕێوشوێن بگرنەبەر بۆ وەڵامدانەوەی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ لە سێ وڵاتەکەدا.

ئەفریقا یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا و ڕووداوەکانی کەشوهەوای توند ڕوودەدات لەگەڵ زیادبوونی ڕێژە و چڕی، سۆماڵ و بەشێک لە ئەسیوبیا و کینیا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠دا خراپترین وشکەساڵییان لە ماوەی ٤٠ ساڵدا تۆمارکرد.