لە ئەفغانستان ڕێژەی منداڵانی بەدخۆراک لە زیاد بووندایە

بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە کە ئەفغانستان لەمساڵدا زیادبوونی نوێی ژمارەی ئەو منداڵانە بەخۆیەوە دەبینێت کە بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن و خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی ٢٠٠ هەزار منداڵی دیکەش تۆمار کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

قەیرانی مرۆیی لە ئەفغانستان لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ ئاستێکی بێ وێنە قووڵتر بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی قەیرانە ئابوورییەکان و کەمبوونەوەی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان و شەپۆلی کارەساتی سروشتی یەکگرتوو بوون و ملیۆنان کەسیان بەرەو لێواری برسێتی پاڵناوە، منداڵان زۆرترین کاریگەری ئەم داڕمانەیان لەسەرە.

 

بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ٣ی ئادار هۆشداریدا لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی بەدخۆراکی لە نێوان منداڵانی ئەفغانستان دا، پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو منداڵانەی بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن لەم ساڵدا نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس زیاد بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە قەیرانی مرۆیی قووڵتر دەبێتەوە بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و ئەمنی زیاتر بووە.

 

سەرۆکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە ئەفغانستان ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو ئەو وڵاتە بەرزترین ڕێژەی بەدخۆراکی توندی لەنێو منداڵان تۆمارکردووە، هەرووها ئەمساڵ سێ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار منداڵ پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە دەبێت، دوو لەسەر سێی دانیشتوانی ئەفغانستان بەدەست بەدخۆراکی توند یان باری خۆراکی مەترسیدارەوە دەناڵێنن، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی ٤ ملیۆن منداڵ دروستکردووە.

 

ڕوونیشی کردەوە، کە کەمبوونەوەی بودجەی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠٢١ەوە، دوابەدوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان و دەستبەسەرداگرتنی تاڵیبان بۆ وڵاتەکە، توانای وەڵامدانەوەی دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکانی کەمکردووەتەوە، لە ئێستادا تەنها سەرچاوەکان لەبەردەستدان بۆ چارەسەرکردنی یەک لە هەر چوار منداڵێک کە پێویستیان بە چاودێری بەپەلە هەیە، کارەساتی سروشتی وەک بوومەلەرزە و لافاو قەیرانی خۆراکی زیاتر کردووە.

 

لەم دواییانەدا گرژییەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستان بەهۆی کۆبوونەوەی ناکۆکییە سیاسی و ئەمنییەکانی لەمێژینەوە پەرەی سەندووە، ئەمەش وایکردووە هەردوو وڵات بوونی سەربازی خۆیان لەسەر سنوورەکان بەهێزتر بکەن و قسەی دیپلۆماسی توندتر ئاڵوگۆڕ بکەن، ئەم بەرزبوونەوەیە لە کۆمەڵێک هۆکاری پێکهاتەییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ساڵانێکە چارەسەر نەکراون.