لە یادی تاوانی ئەنفالدا ڕەخنە لە حکومەتی هەرێم دەگیرێت

سەرچنار ئەحمەد و ڕێزان شێخ دلێر لەمڕۆدا کە یادی تاوانی ئەنفالە سەرەڕای بەبیرهێنانوەی تاوانەکە، ڕەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرن کە وەک پێویست کاری لەسەر کەیسە نەکردووە.

ناوەندی هەواڵ

٣٤ ساڵ بەسەر ئەنفالکردنی ١٨٢ هەزار کوردی بێتاوان و ژن و منداڵی ئەم گەلەی کە بەردەوام لە ژێر شاڵاوی ئەنفالدایە تێپەڕدەبێت، بەڵام ڕۆژ لە دوا ڕۆژ برینی ئەو کەسانەی لە ئەنفال ڕزگاریان بووەو کەسوکاریان بەر شاڵاوەکە کەوتوون نوێ دەبێتەوە، دوای ٣١ ساڵ لە دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا خەڵک هیواخوازن بۆ گەڕانەوە بۆ پێش سەردەمی بە هەرێم بوون، چونکە وەرگرتنی دەسەڵات لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە تەنها بۆ دەوڵەمەندکردن و جێبەجێکردنی خواستی خۆیان و دوژمنانی کورد بووە.

 

ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٨ ڕژێمی بەعس بەسەر کوردی هێنا کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال کردن، ئێستاش خەڵکی هەڵەبجە و ئەو ناوچانەی بەر تاوانی ئەنفال کەوتن لەهەمان ساتدان چونکە حکومەتی هەرێمی کورستان ئەوەندە خەمساردە بەرامبەریان تەنها ساڵانە لە یادەکاندا بە پێشکەشکردنی وتار ئەو ناوچانەی بیر دەکەوێتەوەو لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە پشتگویی خستوون، هەربۆیە خەڵکی ئەو ناوچانە خۆیان و کەسانی دیکەش کە لە خەمی خەڵکدان و پۆستێکی باڵایان هەیە هاتوونەتە دەنگ و ڕەخنە دەگرن.

 

سەرچنار ئەحمەد، پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان، هەروەها سیاسەتمەدار ڕێزان شێخ دلێر کە پێشتر پەرلەمانتاری عێراق بوو یادی ئەنفالیان بەبیرهێنایەوەو هاوکات رەخنەی خۆیان ئاڕاستەی حکومەت و بەرپرسان دەکەن کە ئاواتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانیان نەهێناوەتە دی بەوەی ڕوفاتی کەسە ئازیزەکانیان وەربگرنەوەو شێونێکیان هەبێت کە یادیان بکەنەوە.

 

سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە نووسینێکیدا بە ناونیشانی "ئازاری ئەنفالیش ئازاری هەڵەبجەیە" دەڵێت: "دوای ٣٤ ساڵ لەکارەساتی بەناو ئەنفال، دەسەڵاتی کوردی بێباک و خەمساردبووە لەئاست خواست و داواکاری و خزمەتکردنی کەسوکاری ئەنفال کراوان، هەروەک چۆن بێباک و خەمساردبووە بەرامبەر بەکەسوکاری شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە کە حکومڕانی دەبێت ڕەنگبداتەوە لە خزمەتکردن و باشکردنی ژیانی هاووڵاتیان و قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی بۆ کەسوکاری قوربانیانی کارەساتە تراژیدییەکان، نەک گیرفان پڕکردن و حساب نەکردن بۆ خەڵکە بەشمەینەتەکەی و بەهەدەردانی سامانەکانیان و ستەملێکردنیان.

 

هاوکات ڕێزان شێخ دلێر سیاسەتمەدار لەم یادەدا نووسیویەتی: "ئێش و زامی ئەنفالی ساڕێژ نەبوو تەنها گەرمیانیەکان هەستی پێدەکەن و دەیزانن، تائێستا دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ لە بیابانەکانی سەماوە ماون، لای ئەوانەی هەست بەم ئازارە ناکـەن تەنها بەئێسک و پروسک ناودەبرێن و بێ باکن لە کارکردن بۆ ناسینەوەیان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان کە کۆتا ئاواتی کەسوکاریانە لەبۆنەکان سەردانی گۆڕەکانیان بکەن ویادیان کەنەوە".

 

دەشڵێت: "ڕژێمی لەناوچوو بە ئەنفال ویستی گەلی کورد لەناوبەرێت بە ڕوخانی ٥ هەزار گوند خواستی ئەوە بوو شوناسمان بسڕێتەوە بەڵام خۆڕاگری گەلەکەمان لە خواستی گڵاوی ئەوان بەهێزتربوو، گەرمیانیەکان و تەواوی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەدەیان کارەساتی وادا تێپەڕیون، ئارام گرتنیان لە ڕابردوودا لە پێناو مانەوەی گەلەکەیان بووە بەڵام بەدڵنیایەوە ئەم ئارامیە بەرامبەر دەسەڵاتێکی کوردی کە زوڵمیان لێ بکات و بەقوربانی ئەوان نەزانێت هەتـاسەر نییەو جامی پڕیان ڕۆژیک دێت لێی بڕژێت".

 

لە کۆتاییدا ڕێزان شێخ دلێر ئاماژەی بەوەکردووە کە لەم یادەدا باشترین کار ئەوەیە حکومەتی هەرێم و حکومەنی فیدڕاڵی میراتگری حکومەتی لەناوچوو ئاوڕی جدی لەخـەڵکی گەرمیان و گوندە خاپورکراوەکان بدەنەوەو ڕێز لەقوربانی گەورە و جەرگ سوتانی دایکانی تاوەکو ئێستا ڕەش پۆش بگرن.

 

داواکاری کەسوکاری ئەنفال کراوان

-داواکاری کەسوکاری ئەنفال کراوان تەنها هەڵدانەوەی گۆڕەکان و هێنانەوەی ڕوفاتەکانیانە، هەروەها کردنەوەی مۆزەخانەیەک بۆ پاراستنی کەلوپەلی ناو گۆڕەبەکۆمەڵەکان کە بڕیاربوو دروست بکرێت بەڵام ئەویش تا ئێستا بێدەنگی لێکراوە.

 

-نابێت کەم تەرخەمی بکرێت لەلایەن تیمەکانی هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان لە کنەو پشکنین لەگۆڕەکاندا و هیچ کەلوپەلێکی بچوک یان گەورە لەژێر هەربیانویەکدابێت بەجێ بمێنێ لەدوای تەواوبونی پرۆسەی هەڵدانەوەکە ، پێویستە تیمی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی بیانی داخڵ بکرێن لەهەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان .

 

-کەسوکاری ئەنفالکراوان داوا دەکەن کە حکومەتی عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە بەرامبەر ئەو تاوانە گەورەیەی بەرامبەر کورد کراوە بکات و دەبێت مووچەی کەسوکاری ئەنفال کراوان هاوتای مووچەو ئیمتیازاتی دەوڵەتی عێراق بکرێت.

 

-یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکان دادگای کردنی ئەو جاشوو مستەشارانەیە کە دەستیان هەبووە لەتاوانی ئەنفالدا و داواکراوان لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق.

 

-دەبێت نوێنەری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی بواری جینۆساید و گۆڕە بەکۆمەڵکان ئامادەبن لەهەڵدانەوەی گۆڕەکاندا تاکو وەك دیکۆمێنتاری بمێنێتەوە بۆمێژوو کەچی ستەمێکی گەورە کراوە لەمیلەتی کورد.

 

-دەبێت دەوڵەتی عێراق بڕگە دەستوری عێراق ۱۳۲ جێبەجێ بکات ئەوە سادەترین مافە بۆ کەسوکاری ئەنفال کراوان.

 

-دەبێت نوێنەری دادگای باڵای تاوانەکانی ئەوروپا بانگهێشت بکرێن بۆ ئەوەی ئەوتاوانە بە جینۆساید بناسێنن .