لە عوسمانیەی ئەدەنە لە ئاهەنگێکدا ٥ کەس دەستبەسەر کران
لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەدا ٥ کەس لە ناویاندا هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە شاری عوسمانیەی ئەدەنە، بەهۆی هەڵپەڕکێ و گۆرانی کوردییەوە دەستبەسەر کراون.
ناوەندی هەواڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٦ی ئاب، لە عوسمانیەی ئەدەنە پۆلیس هەڵیکوتایە سەر زۆرێک لە ماڵەکان.
سێڤگی ئایدین و فاروق کەهرامان، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلانی عوسمانییە، و هاکان کەهرامان بەڕێوەبەرەکەی و دوو کەس کە ناویان ئاشکرا نەکراوە، لە هەڵکوتانە سەر ماڵاندا دەستبەسەر کران.
ئەوەش زاندرا کە هاوڵاتییان بەهۆی گۆرانی کوردی و ڕازاندنەوەی ئۆتۆمبێلی هاوسەرگیری بە ڕەنگی سەوز و سوور و زەرد لە کاتی ئاهەنگی هاوسەرگیریدا ڕاگیراون.
هەر ٥ کەسی دەستبەسەرکراو لە بەشی پۆلیسی عوسمانیە ڕاگیراون.