لە ورمێ زیاتر لە ١٧ هەزار خوێندکار لە خوێندن بێبەشن

بەپێی داتاکانی دوو سیستمی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، زیاتر لە ١٧ هەزار خوێندکار لە پارێزگای ورمێ نەیانتوانیوە درێژە بە خوێندنی ناوەندی بدەن.

ناوەندی هەواڵ- ئەفشین سەنایی، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندیی بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی ورمێ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەندامانی ڕاگەیاندن، ڕۆژی ١٠ی گوڵان ڕایگەیاند، ناتەبایی ئاماری لە نێوان ئەو دوو سیستمەدا بۆ ناسینەوەی ئەو خوێندکارانەی کە وازیان لە خوێندن هێناوە.

 

وتیشی: "ئەو زانیاریانەی لە سیستمی شەهید مەحمودوەند و سیستمی سەیدا تۆمارکراون سەبارەت بەو قوتابیانەی کە وازیان لە خوێندن هێناوە جیاوازییەکی کەمیان هەیە، هەروەها پێویستی بە یەکخستنی داتا هەیە بۆ باشترکردنی داڕشتنی سیاسەت".

 

 لە ساڵی٢٠١٦، لە سیستەمی پلانی شەهید مەحمودوەند بە ١٣ هەزار و ٨٩٠قوتابی و لە سیستمی سەیدا بە ١٣ هەزار و ١٤٤خوێندکار کە لە ساڵی یەکەمی ناوەندیدا نەیانتوانیوە خوێندن تەواو بکەن. هەروەها لە قۆناغی ناوەندیدا جیاوازی ئاماری زیاترە و لە سیستەمی شەهید مەحمودوەنددا ٤٥ هەزار و ٢٧٥ کەس و لە سیستەمی سەیدا ٤ هەزار و ٧٠٤کەس ناویان هاتووە.

 

بە پشتبەستن بەو ئامارانە، بە گشتی زیاتر لە ١٧ هەزار خوێندکار لە قوتابخانە ناوەندییەکانی پارێزگاکە وازیان لە خولی خوێندن هێناوە.

 

سەنایی لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە هۆکارە سەرەکییەکانی وازهێنان لە خوێندن، فاکتەرەکانی وەک هاوسەرگیری پێشوەختە، دامەزراندن، نەبوونی ئارەزووی خوێندن، هەژاری ئابووری، کۆچبەری بە هۆکاری کاریگەر زانی. ئەو فاکتەرانەی کە بە گوتەی ئەو زیاتر لە ناوچە بێبەشەکانی پارێزگاکەدا دیارە.

 

جێگری وەزیری پەروەردەی ناوەندی لە ورمێ جەختی لەوە کردەوە کە وازهێنان لە خوێندن تەنیا پرسێکی تاکەکەسی نییە و لێکەوتەکانی لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیشدا خۆیان دەردەخەن.

 

ناوبراو بە ئاماژەدان بەو ڕێکارانەی کە بۆ کەمکردنەوەی ئەم ژمارەیە گیراونەتەبەر، وتی: تا ئێستا نزیکەی هەزار و ٥٠٠ قوتابی کە وازیان لە خوێندنی ناوەندی هێناوە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پلانی پشتیوانییەوە گەڕاونەتەوە بۆ خوێندن.

 

سەنایی هەروەها هەوڵەکانی ئەم فەرمانگە گشتییە بۆ فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەزگاکانی حکومەت، و خێزانەکان بۆ ڕێگریکردن لە وازهێنان لە خوێندن ڕاگەیاند و دەشڵێت: "ئەمساڵ بەهێزکردنی ژێرخانی پەروەردەیی، پێشکەشکردنی ڕاوێژکاری تایبەتمەند، و پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان لە ئەولەویەتی بەرنامەکانن".

 

سەرەڕای بەردەوامی جەختکردنەوەی دەسەڵاتداران لەسەر جێگای مەعریفە و پەروەردە لە دروشمە گەورەکانی سیستەمەکەدا، شکستی زیاتر لە ١٧ هەزار خوێندکار لە خوێندن تەنها لە یەک پارێزگادا، پرسیاری جددی بۆ داڕێژەرانی سیاسەتی پەروەردەیی و بەڕێوەبردنی گەورەی وڵات دەوروژێنێت. ئەم دژایەتییەی نێوان ئامانجە ڕاگەیەندراوەکان و واقیعە ئامارییەکان ئاماژەیە بۆ کەلێنێکی قووڵ لە جێبەجێکردنی دادپەروەری پەروەردەیی و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ پەروەردە. دامەزراوە بەرپرسیارەکان بە تایبەت وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی ناوەندی ناتوانن تەنها بە دابینکردنی ئامار یان ڕێوشوێنی تایبەت خۆیان لە بەرپرسیارێتی پێکهاتەیی خۆیان لەم قەیرانە بپارێزن. ئامادەنەبوونی قوتابیان لە قوتابخانە تەنیا نیشانەی نەبوونی پلان نییە، بەڵکو نیشانەی هۆشدارییە بۆ ئایندەی مرۆیی و گەشەسەندنی وڵات. ئایندەیەک کە بڕیار بوو لە ڕێگەی زانست و پەروەردەوە بنیات بنرێت نەک بە وازهێنان و بێبەشی.