لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا ١٠ هەزارو ٤٧١ منداڵ هاوسەرگیرییان کردووە

بەپێی زانیارییەکانی TUÎK"" لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ١٠ هەزارو ٤٧١ منداڵی کچی تەمەن ١٦ بۆ ١٧ ساڵ هاوسەرگیرییان کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی منداڵان هاوسەرگیرییان لەگەڵ پیاوانی بەساڵاچوودا کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو ڕاستییەی کە ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی کچ لە باکووری کوردستان و تورکیا هاوسەرگیریان پێکراوە، لە زانیارییە فەرمییەکاندا دەرکەوتووە، دەزگای ئاماری تورکیا -TUÎK لە داتاکانی دوێنێیدا بەگوێرەی ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا،  ١٠ هەزارو ٤٧١ منداڵی کچ و ٧٠٦ کوڕ لە تەمەنی نێوان ١٦ بۆ ١٧ ساڵیدا هاوسەرگیرییان کردووە.

 

١٧٢ پیاو کە هاوسەرگیرییان لەگەڵ منداڵان کردووە هاوسەرگیری دووەمیانە

بەپێی هەواڵی بیرگون؛ کاتێک سەیری بارودۆخی شارستانی پێشووی ئەو پیاوانە دەکەین کە هاوسەرگیرییان لەگەڵ ئەو منداڵانە کردووە، ١٧٢ پیاو هاوسەرگیری دووەمیانە، ١٦٨ لەوان جیابوونەتەوە و جواریان هاوژینەکانیان گیانیان لەدەستداوە.

 

دیلۆک لە پلەی یەکەمدایە

نزیکەی ٦٠٠ منداڵی کچ هاوسەرگیرییان لەگەڵ پیاوان کردووە کە تەمەنیان لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٥ ساڵدایە، ئەو شارەی کە زۆرترین کچان تێیدا هاوسەرگیرییان کردووە دیلۆکە، کۆی گشتی ٩٦٠ منداڵی کچ لە دیلۆک هاوسەرگیرییان کردووە و پلەی دووەمیش ڕەحایە، ٩٢٨ منداڵی کچ هاوسەرگیرییان کردووە

 

تەمەنی ئەو پیاوانەی هاوسەرگیریان لەگەڵ منداڵانی کچی تەمەن ١٦ بۆ ١٧ ساڵ کردووە بەم شێوەیەیە:

تەمەن: ٣٠-٣٤ ، ٥٠٤  پیاو

تەمەن: ٣٥-٣٩، ٦٤ پیاو

تەمەن: ٤٠-٤٤، ٩ پیاو

 

ژمارەی ئەو منداڵانەی منداڵیان بووە بی وەڵام ماوەتەوە

لە لایەکی ترەوە، سەنتەری میدیای سەرۆکایەتی "CIMER" دەربارەی پرسیاری ئەوەی "چەند منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لە ساڵی ٢٠٢٣ لەدایکبوون؟" لە وەڵامی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ژنان و لەدایکبوون لە وەزارەتی تەندروستی، ڕاگەیەندرا کە هیچ زانیارییەک لەسەر منداڵبوون نییە.