لە تونس دژی ڕەگەزپەرستی ڕێپێوان بۆ کەرامەت و پێکەوەژیان دەکرێت

بەشداربووانی ڕێپێوانێک کە لە تونس بۆ شەرمەزارکردنی ڕەگەزپەرستی ڕێکخرابوو، جەختیان لەسەر پێویستی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و بەرەوپێشبردنی پێکەوەژیان کردەوە.

نەزیهە بوسەعەیدی


تونس-پایتەختی تونس شاهیدی ڕێپێوانێک بوو کە لە مەیدانی ماندێلا دەستی پێکرد و بەرەو سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ڕۆیشت، لە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتیدا بۆ شەرمەزارکردنی ڕەگەزپەرستی و داوای ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پابەندبوون بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان.

 

بەشداربووانی ڕێپێوانەکە کە ئێوارەی٢٠ی حوزەیران لە تونس بەڕێوەچوو، دروشمی جیاوازیان بەرزکردەوە، لەوانە "واز لە ئاساییکردنەوەی قسەی ڕقاوی"، "دژی ڕەگەزپەرستی و هەڵاواردن"، "ئەم وڵاتە دڕندە و ستەمکارە"، جگە لە دروشمی دیار "هەموومان کۆچبەرین".

سەمیرە ترابلسی، سەندیکاگەر و ئەندامی پێشووی کۆمەڵەی "منامتي"، جەختی لەسەر پێویستی ئاگاداربوون لە ئاستی ڕەگەزپەرستیکردەوە کە گەیشتوونەتە تونسییەکان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تەنانەت زمانی ڕۆژانەش هەڵگری ژێردەنگی ڕەگەزپەرستانەیە، داوای کرد نەوەی نوێ پەروەردە بکرێت کە مرۆڤایەتی لە سەرووی ڕەنگی پێستەوە بەهادارە، لەبری ئەوەی خۆپەرستی و جیاکاری لە نێوان ڕەنگەجیاوازەکاندا بەردەوام بێت، چونکە ئەمانە تەنها ڕەنگن و زیاترنین.

 

داوای کرد دەسەڵاتداران واز لە تۆمەتبارکردنی ئەو کەسانە بهێنن کە ڕووبەڕووی ڕەگەزپەرستی دەبنەوە بە بریکار بوون یان دوورخستنەوەیان لە ژیانی گشتی، وتی: ئەوانەی دژی ڕەگەزپەرستی دەوەستنەوە، ڕۆژانە ئەزموونی دەکەن، هەروەها خۆی تووشی پراکتیزەکردنی ڕەگەزپەرستی بووە، هەر ئەمەش وایکردووە چەندین جار ناڕەزایەتی دەرببڕێت لەسەر شەقامەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو وێنەیەی ئەمڕۆ لە تونس وێنا دەکرێت "ئازاربەخشە"، چونکە تونس وڵاتێکە بە میوانداری و پێکەوەژیانی لەگەڵ جولەکەکان و مەسیحییەکان ناسراوە، کەواتە چۆن ناتوانێت لەگەڵ خەڵکە ڕەنگ جیاوازەکان پێکەوە بژی یان پێیان بڵێت کە ئەوان تونسی نین؟

نەوال بەیزید، ڕۆژنامەنووس دووپاتی کردەوە، کە بەشداریکردنی لە ڕێپێوانی دژە ڕەگەزپەرستیدا دەربڕینی ئەو ڕاستییەیە کە تونسییەکان بەو شێوەیە نین کە لە تۆری کۆمەڵایەتیدا وێنا دەکرێن، وتی: گەلی تونس گەلێکی لێبوردەیە، هەروەها بوونی ڕەنگەجیاوازە تونسیەکان بەشێکی سروشتییە لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، کە هەمووان بەبێ هیچ کێشەیەکی بەرچاو پێکەوە دەژین.

 

ڕوونیکردەوە، کە ڕەنگە هەندێکجار کۆچی ناڕێک بەهۆی ئاڵۆزییە کارگیڕی یان سیاسییەکانەوە بێت کە تاکەکان تێدەپەڕێنن، بەڵام پێیوانییە هیچ ناکۆکییەک لە نێوان تونسییەکاندا هەبێت سەبارەت بە ڕەتکردنەوە یان شەرمەزارکردنی ڕەگەزپەرستی، مەترسی ڕاستەقینە کاتێک سەرهەڵدەدات کە ڕەگەزپەرستی لە پۆستەکانی دەسەڵاتەوە سەرهەڵبدات، لەو کاتەدا دەگۆڕێت بۆ کێشەیەکی قووڵ کە کاریگەری لەسەر هەموو کۆمەڵگە دەبێت.

نائلە زەغلامی، چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی، دووپاتی کردەوە، کە بەشداریکردنی لە ڕێپێوانەکەدا بۆ جەختکردنەوە بووە لە ڕەتکردنەوەی ڕەگەزپەرستی بە هەموو شێوەیەک و دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی کە تووشی نادادپەروەری، بێڕێزیکردن یان پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆیخۆیان دەبن.

 

ڕوونیشی کردەوە، کە مافی مرۆڤ دابەش ناکرێت، هەروەها دەبێت کەرامەت و هاوڵاتیبوون و ئازادی ڕادەربڕین و مافی بوون بۆ هەموو کەسێک بەبێ جیاوازی دەستەبەر بکرێت، لەو حاڵەتانەی کە تاکەکان بەڵگەنامەی یاسایییان نییە، چارەسەری یاسایی و ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی هەیە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکانیان، نابێت لە ڕێگەی بەراوردکردن یان جیاکارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانەدا بکرێت.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە تونس هاوڵاتیانی ڕەنگ جیاواز لەخۆدەگرێت و پێکەوەژیان لە نێوان گروپە جیاوازەکاندا ماوەیەکی زۆرە هەبووە.