لە تشرینی دووەم ١٧٠ کەس کە ١٣یان ژنن لە سووریا کوژران

لە مانگی تشرینی دووەمدا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی کاتی و ئەوانەی ژێر داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، ١٧٠ کەس کوژراون، کە ١٣ـیان ژنن و ٢١ـیشیان منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مانگی تشرینی دووەمدا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی کاتی سووریا و داگیرکاریی تورکیادا لە سووریا، ڕووداوەکانی کوشتن بەردەوامییان هەبوو. ڕۆژانە بە دەیان ڕووداوی کوشتن بە هۆکاری تەقینەوەی مین، پێکدادانی عەشایەریی و کوشتنی ئەنقەستەوە ڕوودەدەن. ئەم ڕووداوانە لە شارەکانی حومس، حەما، دەرعا، لازقیە، سوەیدا، دیمەشق و گوندەوارەکانی، تەدمور و گوندەوارەکانی حەلەب ڕوویانداوە.

 

 لە مانگی تشرینی دووەمدا لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا، ١٧٠ کەس کوژراون کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.

 

هاوکات ١٣ ژن لە هەلومەرجی جیاوازدا کوژراون. هەندێکیان لەلایەن چەکدارانەوە لە ماڵ یان شوێنە گشتییەکاندا دەستڕێژی گولـلەیان لێ کراوە، بەشێکیان بەهۆی ئەو مینانەوە کە پاشماوەی شەڕن و بەشێکیشیان لە ئەنجامی توندوتیژیی خێزانی، گیانیان لەدەستداوە.

 

ئەم ژمارەیە دۆخێکی ئاڵۆزی ئەمنی و نەبوونی ئارامی و سیستەمێکی پاراستنی کاریگەر بۆ خەڵکانی مەدەنی لەو ناوچانە، نیشاندەدات.