لە تەقینەوەکەی سلێمانی ٩ کەس گیانیان لەدەستداوە

بەهۆی تەقینەوەی تانکییەکی غاز لە ماڵێکی شاری سلێمانی، سێ خانوو ڕووخان و تا ئێستا ٩ کەس گیانیان لەدەستداوەو نزیکەی ١٥ کەسیش بریندارن.

سلێمانی

ئێوارەی دوێنێ ١٧ی تشرینی دووەم لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی، تانکییەکی غاز "LPG" لە ماڵێکدا تەقیەوەو بووە هۆی ڕووخانی سێ خانوو، لە شەوی ڕابردووەوە تا ئێستا تیمەکانی بەرگری شارستانی پۆلیس و ئاسایش و شارەوانی لە شوێنی ڕووداوەکەن بەمەبستی دۆزینەوەو دەرهێنانی برینداران و تەرمی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە.

 

لە ماڵەکەدا دوو خێزان هەبوون و میوانیشیان هەبووە، وەک دەوترێت زیاتر لە ٢٠ کەس لەوکاتەدا لەو ماڵە بوون کە غازەکەی تێدا تەقیووەتەوە و زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون.

 

 بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا ٩ لە ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوەو نزیکەی ١٥ کەسیش بریندارن، ٨ کەس لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان و تەندروستی ٥ کەسیشیان جێگیرە.

 

دوای ڕووداوەکە سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، بەمەبەستی پێشوازیکردن لە بریندارەکانی تەقینەوەکە سەرجەم نەخۆشخانەکانی شارەکە ئامادەن.