لە سیمینارێکدا لە بەغدا تیشک خرایەسەر ڕاستی ژنانی فەیلی

سیمێناریک لە بەغدای بۆ تیشک خستنەسەر ڕۆڵی ژنانی فەیلی و ئاڵەنگارییەکانی بەردەمیان و توانای بەرخۆدانیان و بەرپرسیارێتییان لە بونیادنانی خێزان و کۆمەڵگە بەڕێوەجوو.

رەجا حەمید ڕەشید

 

بەغداد-بەرەی فەیلی ڕۆژی ١٠ی ئایار بە دروشمی "تیشکی هیوا و هێمای ئارامگرتن و خۆڕاگری" سیمینارێکی ڕێزلێنانی لە ژنانی فەیلی بە ناونیشانی "بەرەنگارییەکانی ژنانی فەیلی و ڕەسەنایەتی بەشداریکردن لە بونیادنانی خێزان و کۆمەڵگە" لە بارەگای خۆی لە بەغدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئەکادیمی و چالاکوانانی بوارە جیاجیاکان سازکرد.

 

لە سیمینارەکەدا تیشک خرایەسەر ڕۆڵی ژنانی فەیلی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئالەنگاریانەی کە بە درێژایی تەمەنەکان ڕووبەڕوویان بووەتەوە، لەوانە گۆشەگیری، ئاوارەبوون و بارودۆخی سەخت، خۆڕاگری خۆیان نیشانداوە، سەرەڕای ئازارەکانیان بەرپرسیارێتی بنیاتنانی خێزان و کۆمەڵگەیان لە ئەستۆ گرتووە. بەشداربووان پێداچوونەوەیان بە ئەزموونی ژنانی فەیلی بە ڕێز کرد، کە مۆدێلی ئیلهامبەخشی خەبات و سەبریان پێشکەش کردووە، جەختیان لەسەر پێویستی بەرزکردنەوەی دەنگی ژنانی فەیلی لە هەموو کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کردەوە.

 

جەمیلە ناسر قەنبەر فەیلی، ژنە زیندانی سیاسی، باسی لەوە کرد کە ژنی فەیلی نوێنەرایەتی ئایکۆنی سەرکەوتن و سەبر و کۆڵنەدان دەکات، ناوبراو ئاماژەی بەو نادادپەروەرییانەی ژنانی کورد کرد کە کەوتوونەتە بەر، ئازارەکانی ژنە فەیلییەکەی گرێدا بەو ئازارانەی کە ژنانی عێراقی بە گشتی، وەک ژن و دایک و خوشک ڕووبەڕووی دەبنەوە،منداڵەکانی کردە قربانی لە قۆناغەکانی ئاوارەبوونی زۆرەملێدا.

 

ئەزمونی تایبەتی خۆی گێڕایەوە،دەڵێت: من نزیکەی حەوت مانگ لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە دەستبەسەرکرام، دواتر خێزانەکەم دیپۆرت کرانەوە،لە ژێر یاسای ژنانی بیانی بووم کە هاوسەرگیریم لەگەڵ عێراقی کردووە، لەوێ بە کەفالەتی هاوژینەکەم ئازاد کرام، کە ئەویش ناچارکرا بوو واز لە کارەکەی بهێنێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەکاتێکدا خێزانەکەم دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێران، خوشکەکەمیش ئازاری چەشت، لەگەڵ هاوژینەکەی و کوڕە نۆ مانگانەکەی لە زیندانەکانی ئەبوغرێب و نەقرە و سەلمان بۆ ماوەی نۆ مانگ دەستبەسەرکران، دواتر رەوانە سنوور کران تاوەکو گەیشتنە ئێران، کە ئەوانی لە باوەش کردەوە، لەگەڵ دایکم و چوار خوشکەکەم".

 

"ژنە فەیلییەکان بە شانازییەوە دەمێننەوە کە هێمای سەبر و خۆڕاگریین"

بە خەممەوە درێژەی بە قسەکانی داو وتی: دایکم هەوڵیدا سەردانمان بکات، بەڵام لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە گیرا و ئەشکەنجە درا، تەنانەت دوای ڕووخانی ڕژێمیش چارەنووسی نادیاربوو، کاتێک بڕوانامەی مردنی ئەومان پێدرا، کە لە لیستی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا هاتبوو، ژنانی عێراقی بە خۆڕاگری دەمێننەوە، بەڵام ژنە فەیلییەکان بە شانازییەوە دەمێننەوە، کە هێمای سەبر و خۆڕاگریین.

 

سەباح نورەدین، نوێنەری ژنانی کوردی فەیلی، پێداچوونەوەی بە گەشتی ژنانی فەیلی کرد، کە بە ئایکۆنی سەبر و خۆڕاگریی لە قەڵەمدا، ئاماژەی بەو ئاڵەنگاریانە کرد کە بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕوویان بووەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمڕۆ وەک کۆمەڵێک کاندیدی ژن، ئەو ڕابردووە بە ئازارە بەبیر دێنینەوە کە ژنانی فەیلی ئەزموونیان کردووە، هەوڵدەدەین ئێستا و داهاتوویەکی باشتر بنیات بنێن، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی نەوەی ئێمە و نەوەی پێشوو، پێکەوە کاردەکەین بۆ تێپەڕاندنی ئەو سەختی و ئاڵەنگاریانەی کە لە ڕێگامان وەستاون". ژنانی عێراق بە گشتی و ژنانی فەیلی بەتایبەتی، هێشتا هەوڵ دەدەن بۆ تێپەڕاندنی کاریگەرییەکانی ئەو ئازارانەی لە ڕابردوودا تووشی بوون.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە بەرەی فەیلی شوێنی سەربەخۆیە، ملکەچی هیچ پارت و ڕێکخراوێکی سیاسی نییە. "ئێمە لایەنگری هیچ لایەن و کەسایەتییەکی سیاسی نین، بە پەرۆشەوە کاردەکەین بۆ گەیاندنی دەنگ و داواکاری ژنانی کوردی فەیلی، دەرگای بەرە بەبێ جیاوازی بەڕووی هەموو لایەکدا کراوەیە".

 

نەسرین عەبدول عەلی، داکۆکیکاری مافی مرۆڤ تیشکی خستەسەر کاریگەری و ڕۆڵی ژنانی عێراق لە بنیاتنانی خێزان و کۆمەڵگەدا، سەرەڕای ئەو شەڕ، گەمارۆدان، هەلومەرجە سەختانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، ژنان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە درێژەیان بە گەشتەکەیان داوە، بەهای خۆیان سەلماندووە و بوونەتە هاوبەش لە بڕیاردان، بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی ژیانی خۆیان لە پەروەردەکردنی نەوەکان و داڕشتنی ئایندە.

 

هەروەها جەختی لە گرنگی بەشداری ئابووری و بەهێزکردنی کۆمەڵایەتی کردەوە کە شانبەشانی بەشداری سیاسییە، جەختی لەسەر پێویستی ڕۆڵی ژنان بۆ وەرگرتنی پشتیوانی کۆمەڵایەتی کە وەرگرتنی پۆستی پێشەنگایەتی و کارگێڕی کردەوە، "پێویستە ژنان بە شێوەیەکی دروست ئامادەکاری و شایستە بن، بۆ ئەوەی بتوانن بەرپرسیارێتیەکان هەڵبگرن و هەر ئەرکێکی گرنگ کە پێیان سپێردراوە لە ئەستۆ بگرن".

 

"ژنی فەیلی بەشێکی دانەبڕاوە لە کۆمەڵگەی عێراق"

نەجوا یاسەڵا، ئەندازیاری باڵای گەورە ڕایگەیاند، ژنی فەیلی بەشێکی دانەبڕاوە لە کۆمەڵگەی عێراق و سەرەڕای ئەو پەراوێزخستن و نادادپەروەرییەی کە تووشی بووە، لەوانەش زیندانیکردن و ئاوارەبوون و لەدەستدانی ئەندامانی خێزانەکەی، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، ڕوونیکردەوە کە ئەم بارودۆخە سەختانە هێز و سەبریان بە ژنی فەیلی بەخشیوە، ئەمە وای لێکردووە کە بەرەو ئەو ئاڵەنگاریە هەڵبستێت و خەبات بکات، بۆ خزمەتکردنی دۆسی دادپەروەرانەی فەیلی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ڕووخانی ڕژێم، وەک ژنێکی فەیلی، هەوڵمدا بەشێک لە شایستەییەکانمان بەدەستبهێنم، وەک ئەندازیارێک و ئەندامی لیژنەیەک لەناو ئەنجومەنی شارستانی بەغدا، کارمان کرد بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی پێویست، بۆ دانانی یادگارییەکی شەهیدانی کوردانی فەیلی، وەک هێمای خوێنی شەهیدانمان، شوێنێکی یەکگرتوو بۆ هاوڵاتیانی فەیلی بێت لە سەرانسەری جیهاندا.

 

مەریەم عەلا فەیلی، ئەندامی پارتی بەرەی فەیلی، ڕۆڵ و هەوڵی ئەو ژنە فەیلیەی بەرز نرخاند، کە هێمای خۆڕاگری و سەربەرزییە، لە بەرامبەر نادادپەروەریدا کڕنۆشی نەبردووە، لە بەرامبەر ئازارەکاندا پاشەکشەی نەکرد، سەرەڕای

ئەو ئاوارەیی و گۆشەگیرییەی کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا تووشی بوون، ژنی فەیلی کە لە ناسنامەکەیدا چەسپاوی مایەوە و نەوەکانی پەروەردە کرد.

 

لە ساڵانی ئاوارەبوونی زۆرەملێ لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨١، خێزانەکان منداڵەکانیان لەدەستدا، نەتەوەکانیان هەڵوەشایەوە، دەست بەسەر موڵک و ماڵییاندا گیرا، ژنان بە تەنیا باری لەدەستدان و ئاوارەبوونیان لە ئەستۆ گرت، بەڵام ژنە فەیلییەکە وازی نەهێنا، بەڵکو بەردەوام بوو لە شەڕکردن.

 

خەیریە سەلمانی داپیرەی وەبیرهێنایەوە کە بە ئیرادەیەکی بێوچان ڕووبەڕووی لەدەستدانی کوڕ و هاوژینەکەی و بارودۆخی ستەمکاری بووەوە، ئازادیخوازان سارا فەیلی و زەهرا عەلی و چەندین کەسی دیکە کە وانەی کۆڵنەدانیان پێشکەش کرد، لە گوندە سنوورییەکانی بەدرە و مەندەلی و جاسان، ژنی فەیلی پشتیوان بوو، زەوی دەکوڵاند و بوێرانە ڕووبەڕووی زوڵمی دەسەڵات بووەوە.

 

ئیناس یەدوللە نەجەف فەیلی دەڵێت "من زیندانییەکی سیاسی پێشووم، من و خێزانەکەم لەژێر دڕندەیی ڕژێمی پێشوودا ئازارمان چەشت، ئاوارە بووین، دیپۆرتکراینەوە و ڕەگەزنامەمان لێسەندرایەوە". ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە کوردانی فەیلی ساڵانێکی زۆرە ڕووبەڕووی هەڵاواردنی سیستماتیک بووەتەوە، بەتایبەتی لە خوێندنگە و زانکۆکاندا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ڕووخانی ڕژێم توانیمان بەشێک لە مافەکانمان وەربگرینەوە، وەک هەلی خوێندنی باڵا و دامەزراندنی کار، سەرەڕای ئەو نادادپەروەرییەی کە ئەزموونیان کردووە، ژنانی فەیلی بە خۆڕاگر ماونەتەوە، بەشدارییان لە پەروەردەکردنی نەوە بەهێزەکاندا کردووە.

 

لە سیمینارەکەدا بەشدارییەکی بەرچاو و بەهێز لەگەڵ پرسەکانی ژنانی فەیلیدا بەخۆیەوە بینی، جەخت لەوە کرایەوە کە ئازارەکانیان تەنیا بەشێک نییە لە ڕابردوو، بەڵکو چیرۆکێکی خۆڕاگری و شانازییە، دەبێت لە ویژدانی میللەتدا زیندوو بمێنێتەوە، ئازارەکانیان وەک ڕاستییەک بخرێتە ناو پەرتووککانی مێژووەوە کە دەبێت فێری نەوەکانی داهاتوو بکرێت.