لە سەیدسادق کچێک بەشێوەی گوماناوی گیانی لەدەستدا
منداڵێکی کچی تەمەن ١٣ لە شارۆچکەی سەیدسادق، بەشێوەیی گوماناوی گولـلەیەک بەر سەری کەوت گیانی لەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
رۆژی ٢٣ی ئادار، منداڵێکی کچی تەمەن ١٣ لە شارۆچکەی سەیدسادق، بەشێوەیی گوماناویی گولـلەیەک بەر سەری کەوت و شەوی ڕابردوو گیانی لەدەستدا.
ئەوە لەکاتێدایە ڕۆژی ١٥ی ئادار، لە شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی ژنێکی گەنجی تەمەن ١٥ ساڵ بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە کوژرا.
لە ٢٦ی شوبات، لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لە شارۆچکەی خەبات، ژنێک لەسەر پردی کۆن کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، شایەتحاڵەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە پێش ڕووداوەکە، دەمەقاڵێ لە نێوان ژنەکە و سەرنشینێکی ناو ئۆتۆمبێلێکی تەکسی ڕوویداوە.
٣ی شوبات؛ لە گوندی تاسلوجەی سنووری شارۆچکەی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی ژنیکی گەنج بەدەستی براکەی بە فیشەک کوژرا، هەروەها لە ٢ی شوبات لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی ژنێکی گەنجی تەمەن ٣٥ ساڵی دانیشتووی سلێمانی، بەشێوەی گوماناویی کەوتە ڕووباری سیروانەوە و گیانی لەدەستدا، لە ١ی شوبات، ژنێکی تەمەن ١٨ بۆ ٢٠ ساڵ گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕانیە، بەڵام بەپێی وتەی پزیشکەکان پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو کە شوێنەواری فیشەک بە سەری ژنەکەوە بووە.
تەنها لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ٨ ژن بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە یان کوژراون.