لە سویسرا بانگەوازی لە ژنان کرا لە ٨ی ئادار لە مەیدانەکان بن

لە بەردەوامی کار و چالاکییەکاندا بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە، ژنان لە سویسرا لە بەردەم نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە و داوایان کرد، لەو ڕۆژەدا هەموو ژنان بچنە مەیدانەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

چالاکی ئێشکگری بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد کە لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ـەوە لە بەردەم نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤی سویسرا دەستی پێکردووە، بەردەوامە و لەم هەفتەیەدا کۆمۆنی ژنانی سەما یوجە بەشداری ئیشکگرییەکە بوون.

 

لە سەرەتای چالاکییەکی ئەم هەفتەیەدا، پەیامی تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئە) بۆ ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، بە زمانەکانی فەرەنسی، کوردی و تورکی خوێندرایەوەو ئاماژەی بەوەکرد، ژنان بە تێکۆشانیان بۆ ئازادی، دژی سیاسەتەکانی شەڕی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، فشارەکانی سیستەمی پیاوسالاری و نایەکسانی کۆمەڵایەتی، بناغەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دادەمەزرێنن.

 

هەروەها ڕایانگەیاند، بەم بۆنەیەوە بە جۆش و خرۆشێکی بەرزەوە ٨ی ئادار پیرۆز دەکەین، بنیاتنانی کۆمەڵگای دیموکراتیک بە تێکۆشانی ئازادیی ژن پێکدێت، ژنان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی نوێ لە دژی ئەو شێوازە ژیانەی کە شەڕ، توندوتیژی، چەوسانەوە دەسەپێنێت، نوێنەرایەتی بەهێزترین ئیرادە دەکەن.

 

لە بەردەوامیدا باسیان لەوەشکردوە، پارادایمی دیموکراتیک، ئازادیخوازی ژن و ئیکۆلۆژیی ڕێبەر ئاپۆ بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ژنان ئەکتەری سەرەکی کۆمەڵگان و دیموکراسی ڕاستەقینە بەبێ ئازادی ژن سەرناکەوێت، بە پەرەسەندنی خەباتی ئازادیخوازی ژنان، مێژووی ژن لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دەنووسرێتەوە، ئەمڕۆ مێژووی ونبووی ژنان زیندوو دەکرێتەوە و سەر لەنوێ مانادار دەکرێتەوە.

 

هەروەها لە کۆتایی پەیامەکدا، داوا لە ژنان کراوە بۆ بەرەوپێشبردنی ژیانێکی ئازاد و یەکسان لە ٨ـی ئاداردا بڕژێنە گۆڕەپانەکان.