لە سوەیدا سێ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرانەوە
سێ گۆڕی بەکۆمەڵ کە خەڵکی مەدەنی بوون لە مانگی تەمووزدا لە هێرشە سەربازییەکاندا کوژراون، لە سوەیداو دەوروبەری دۆزراونەتەوە. باس لەوەش کراوە کە هەندێک تەرم بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان بەخاک سپێردراون و ڕێگری لە ناسانامەیان کراوە.
ناوەندی هەواڵ
سەرچاوە میدیاییەکان لە سوەیدا بڵاویانکردەوە، سێ گۆڕی بەکۆمەڵ کە خەڵکی مەدەنی بوون لە مانگی تەمووزدا لە شار و گوندەکانی دەوروبەری سووریا لە هێرشە سەربازییەکاندا کوژراون. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ئەو گۆڕانە لاشەی زۆریان تێدایە، بەشێکیان بەتەواوی سووتاون و تەنها بە ددانەکانیان دەناسرێنەوە.
ماڵپەڕی سوەیدا پرێس، کە پشتی بە چەند سەرچاوەیەکی تایبەت بەستووە، بڵاوی کردەوە: سێ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە کە دەیان تەرمی خەڵکی مەدەنیی سوەیدای تێدایە، ئەو کەسانە لە هێرشەکانی هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا کوژراون.
گۆڕەکان لە شارەدێکانی دەوروبەری دەرعا و دیمەشق بوون. گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵ لە ڕۆژهەڵاتی دەرعا بوو کە نزیکەی ٥۰ تەرمی تێدا بوو.
تەرمەکان بە شێوەیەکی خراپ نێژرابوون و شایەتحاڵەکان وتیان: زۆربەی ئەم تەرمانە بریندار بوون و لە نزیک خاڵێکی پزیشکی کوژراون.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەدا کە وێنەی تەرمی قوربانییەکان پێش ناشتنیان بە دەست گەیشتووە، تەرمەکانی دیکە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دەوروبەری دیمەشق و لە ژێر سەرپەرشتی “ناوەندی ناسینەوەی ونبووەکان”دا نێژراون.
بۆ دەرهێنانی تەرمەکان داوای پارەیان کردووە
برای یەکێک لە قوربانییەکان ڕایگەیاندووە، ناوەندی ناسینەوەی ونبووەکان ژمارەی تەرمی براکەیان پێڕاگەیاندووە، بەڵام بۆ دەرهێنان و گەیاندنەوەی بۆ سوەیدا، داوای چواردە ملیۆن لیرەی سووریایان کردووە.
بەپێی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ و سیستەمی ڕۆمای دادگای تاوانە نێودەوڵەتی، ئەم جۆرە ڕێکارانە وەک تاوانی جەنگ دەناسرێن و دەبێت لایەنە ناکۆکەکان تەرمی کوژراوان بە ڕێزەوە بنێژن، ناسنامەکانیان دیاری بکەن و زانیاری بدەن بە خێزانەکانیان.