لە سوەیدا ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراون دەکرێت

ژنانی سوەیدا کە تا ئێستاش بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان، خوازیاری ئەوە بوون کە هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ئاشتی، چارەنووسی منداڵ و کەسوکارە بێسەروشوێنکراوەکانیان ئاشکرا بکرێن و ئازاد بکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی سوەیدا بەردەوامن لە خۆپیشاندانی هەفتانە و داوای جێبەجێکردنی یاسای ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان و گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات دەکەن بۆ ژیان لە وڵاتێکی دیموکراسیدا.

 

دوێنێ ٣٠ی ئاب، دانیشتووانی شارەکە ڕوویان لە مەیدانی کەرەمە لە ناوەڕاستی شاری سوەیدای سووریا کرد بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان، داوای ئازادی و کەرامەتیان کرد، ژنان پانکارتیان بە نووسراوی "ئەگەر سوود لە درۆ وەربگریت ئەستەمە ڕاستی بڵێیت" و ئەوانی دیکەش ڕۆژی جیهانی ئاشتییان بەبیرهێنایەوە.

 

تەغرید تەویل ئاماژەی بەوەکرد، هێشتا بەردەوامن لە بزووتنەوەی جەماوەری، هەروەها منداڵەکانیان بەهۆی نەبوونی ژیانێکی شایستە وڵاتیان بەجێهێشتووەو وتی: ئێمە هاتینە مەیدان بۆ ئەوەی داوای سەرەتاییترین مافەکانمان بکەین، کە بریتییە لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکان لە ژیان و بە کەرامەتەوە بژین،ناتوانین بۆچوونی خۆمان دەرببڕین، چونکە دەخرێینە زیندانەوە، دەستگیرکراوان لە زیندانەکانی حکومەتی شام تووشی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دەبن، ئێمە گەلێکی خۆشەویست و ئاشتیخوازین، هەروەها بە ئایین و نەژاد دابەش نەبووین، بەڵکو ڕژێم وڵاتەکەی دابەشکرد، بۆیە پێکەوە وەستاوین بۆ هەنگاونان بەرەو ئازادی، بزووتنەوەکەش بەهۆی ژنانەوە بەردەوام دەبێت.

هوازن شەحف، ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری ڕایگەیاند، ژنان نیوەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن و بەشێکی دانەبڕاون لێی، بۆیە ناتواندرێت پەراوێز بخرێن یان لە کۆمەڵگە دوور بخرێنەوە، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ژنان توانیویانە خۆیان بسەلمێنن لە ڕێگەی بەشداریکردنیان لە بزووتنەوەی سوەیدا و هەنگاونان بەرەو داواکردنی مافە ڕەواکان.

غادە ڕەسلان وتی: ژنان درێژە بە بزووتنەوەی جەماوەری خۆیان دەدەن و هەوڵیانداوە دەنگ بەرز بکەنەوە و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن و داوای مافەکانی خۆیان بکەن، دەنگی ژنان شۆڕشەو ژنان لە ڕیزی یەکەمدا وەستاون لە بزووتنەوەی جەماوەری و ژنان لەم بزووتنەوەیەدا، سەرەڕای هەوڵەکانی ڕژێم بۆ ڕاکێشانی ئێمە بۆ توندوتیژی، ئێمە لە ئاشتیخوازیمان پاشەکشەمان نەکردووە.