لە سوەیدا هاودەنگی مرۆڤ لە بەرامبەر توندوتیژی و هەوڵی فیتنە هەیە
ژنانی سوەیدا جەخت لەسەر پابەندبوونی کۆمەڵگەی سووریا بە بەهاکانی پێکەوەژیان و هاودەنگی و ئیرادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی فیتنە و پاراستنی یەکێتی دەکەنەوە.
ڕۆشێل جونیور
سوەیدا-شارۆچکەی سەقیلبیە کە زۆرینەی کریستیانن، لە باکووری ڕۆژئاوای شاری حەمای سووریا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی هێرشەکان بووە، لەوانە وێرانکردن و تاڵانکردنی دوکانەکان و دەستدرێژیکردنە سەر دانیشتوان، ئەمەش ئیدانەکردنی بەرفراوانی لێکەوتەوە، لە سوەیدا دانیشتووانی شارەکە هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ خەڵکی سەقیلبیە دەربڕی و کاتێک زەنگی کڵێسا لە شارەکەدا لێدرا، خەڵکی ئایینی جیاواز لە دیمەنێکدا کۆبوونەوە کە ڕەنگدانەوەی یەکگرتوویی کۆمەڵگەو ڕەتکردنەوەی توندوتیژییە.
"ئێمە یەک جەستەین و ناکۆکی سەرکەوتوو نابێت"
وەفا مەحمود ڕەتکردنەوەی یەکجارەکی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو شتانەی کە لە سەقیلبیە ڕوویدا و جەختی لەوە کردەوە کە پێچەوانەی سروشتی کۆمەڵگەکانی هەموو پەیوەندییەکانە، ئەوەی ڕوودەدات هەوڵێکە بۆ چاندنی ناتەبایی لە نێوان خەڵکدا، بەڵام ئەم هەوڵانە سەرکەوتوو نابن.
سەبارەت بە ئەزموونی تایبەتی خۆی لەگەڵ هاوکارە کرستیانەکانی لە سوەیداو دیمەشق، ڕوونیکردەوە کە کچەکانی لە باوەش گرتووە و وەک ئەوەی لە ماڵی خێزانی خۆیاندا بن گرنگییان پێدەدەن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قووڵی پەیوەندییە مرۆییەکانی نێوان ئەندامانی هەمان کۆمەڵگەیە. وتی: ئێمە ڕاهاتووین بە بەخشندەیی و هاودەنگی و هاوبەشکردنی خواردن و جلوبەرگ، کۆبوونەوەی خەڵکی سوەیدا لە مەزهەبە جیاوازەکانەوە لە ناو کڵێساکان دوای ڕووداوەکە تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە لە مانای یەکڕیزی و یەکگرتوویی دەردەبڕێت.
"ئێمە هێرشەکان ڕەتدەکەینەوە"
ڕەجا مەحاسن بارودۆخی ئێستای بە لەڕادەبەدەر سەخت پێناسە کرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هێرشە دووبارەبووانەی کە خەڵکی مەدەنی دەکرێنە ئامانج. جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کردەوانە لە ڕووی ڕەوشتی و مرۆییەوە قبوڵ ناکرێن، هێرشکردنە سەر کەمینەکان قبوڵکراو نییە، بەتایبەتی کە سووریاییەکان خۆیان لەم ساڵانەی دواییدا تووشی ئەزموونی هاوشێوە بوون.
ئەو دووپاتیکردەوە کە هەموو مرۆڤێک بەبێ گوێدانە پێشینەی خۆی، شایەنی پاراستنە و بە ئاشتی بژی. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئازار جیاکاری ناکات، هەر هێرشێک بۆ سەر گروپێکی دیاریکراو کاریگەری لەسەر هەموو کۆمەڵگە دەبێت.
"توندوتیژی قبوڵ ناکرێت و پێشێلکارییەکان کاریگەرییان لەسەر هەموو کەسێک هەیە"
ڕیما عەزام ئیدانەی توندی خۆی بۆ هێرشەکانی سەر سەقیلبیە دەربڕی و بە کردەوەی ناڕەوای توندوتیژی بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنیپێناسە کرد وتی: ئەوەی ڕوودەدات ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکی سەختە لە وڵاتەکەدا، کە جیاکاری لە نێوان گروپە جیاوازەکاندا دیارە و پێشێلکارییەکان کاریگەرییان لەسەر هەمووان هەیە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی کریستیان لە مێژوودا بە سروشتی ئاشتیخوازانە ناسراوە و هەرگیز بەشداری لە کردەوەی توندوتیژیدا نەبووە. بەپێچەوانەوە، بەردەوام هاوکاری مرۆیی بۆ هەمووان لە کاتی قەیرانەکاندا، چ لە ڕێگەی خۆراکەوە، چ لە ڕێگەی دەرمانەوە، یان جۆرەکانی تری هاوکاری. ئەو ئەوەی بەرگەی گرتووە بە شۆکێکی قووڵی زانی، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی ئەرێنییان لە کۆمەڵگەدا. پێشێلکارییەکان تەنها لە ناوچەیەکدا قەتیس نەبوون، کاریگەرییان لەسەر چەندین ناوچە و کۆمەڵگەی جۆراوجۆر هەبووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی فراوانبوونی مەودای قەیرانەکە بووە.
ڕیما عەزام لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە لێدانی زەنگی کڵێسا لە سوەیداو کۆبوونەوەی دانیشتووان لە هەموو پاشخانەکانەوە بۆ هاودەنگی لەگەڵ سەقیلبیە پەیامێکی ڕوون دەنێرێت کە کۆمەڵگە سەرەڕای هەموو ئاڵەنگارییەکان پابەندە بە بەهاکانی پێکەوەژیانەوە.