"لە سووریای نوێدا دەبێت چیرۆکەکانی کۆچکردن کۆتایی پێبێت"
زەهرا سەمۆ، هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی کانتۆنی جزیرە، ڕایگەیاند، لە سووریای نوێدا دەبێت چیرۆکی ئازارەکانی کۆچکردن کۆتایی پێبێت و هەموو کۆچبەرێک دەبێت بە ئاشتیانە لە ماڵەکەی خۆیدا و لەسەر خاکی خۆیدا بژی.

ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە – لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە ١٣ ساڵە گەل بە پێشەنگایەتی ژنان بەرەنگاری هەموو جۆرە هێرشێک دەبنەوە، بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر عەفرین، سەرێکانی، گرێ سپی و شەهباوە، هەزاران کەس لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە پێناو سەلامەتی ژیانی خۆیان شارەکانیان بەجێهێشتووە.
تەنها لە جزیرە ٦ کامپی پەنابەران هەیە
تەنها لە کانتۆنی جزیرە ٦ کامپی پەنابەران هەیە، لە کامپی سەرێکانیی دوو هەزار و ٦٤٣ بنەماڵە، لە کامپی واشۆکانی ١٦ هەزار و ١٨٤ خێزان، لە کامپی نەورۆز ٥ هەزار و ٧٢٦ خێزان، لە کامپی ئەریشە ١٣ هەزار و ٢٧٤ بنەماڵە و لە کامپی ڕۆژ ٨١٨ خێزان نیشتەجێن، لەگەڵ هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەهبا و تل ڕەفعەت، دەیان هەزار پەنابەر کە دوای داگیرکردنی عەفرین هەڵاتبوون، بەرەو ناوچە ئارامەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵهاتن.
لە کامپی هۆل کە خێزانەکانی داعش تێیدا دەمێننەوە، چوار هەزار و ٣٧١ خێزانی سووری و چوار هەزار و ٥٠٥ خێزانی عێراقی و هەزار و ٨٩٧ خێزانی بیانی هەن.
زەهرا سەمۆ، هاوسەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی کانتۆنی جزیرە، سەبارەت بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی ئاوارەبوونی زۆرەملێ و دۆخی کۆچبەران لە ناوچەکە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد، زەهرا سەمۆ ئاماژەی بەوەکرد، لەنێو ئەو پێشهاتانەی ئێستا کە وەک 'سووریای نوێ' باسی لێوە دەکرێت، سەرەتا ئەو ئاوارانەی کە بەهۆی هێرشە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ناچاربوون هەڵبێن، پێویستە بگەڕێنەوە شارەکانیان.
"سەختترین ئازار کە گەلی سووریا تووشی بووە، ئاوارەبوونە"
زەهرا سەمۆ ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هیوای ئاوارەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆشوێنی خۆیان زیندوو بووەتەوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی کاتی هیچ هەنگاوێکی بۆ ئاوارەکان نەناوە و وتیشی: دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، گەلی سووریا هیوای خواست لەسەر خاکی خۆیان و لە ماڵ و حاڵی خۆیان بە ئازادی بژین، دوای ئەوەی حکومەتی نوێی کاتی لە سووریا دامەزرا، بەداخەوە شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە و ئاوارەبوون بەردەوامە و خەڵکی مەدەنی دەکوژرێن، یەکێک لەو ئازارە جددیانەی کە گەلی سووریا لە سەرەتای شەڕەوە تا ئەمڕۆ تووشی بووە، ئاوارەبوونە، ژنان و منداڵانیش بەدەست ئەم ئازارەوە دەناڵێنن، تا ئێستا ئەم پرسە چارەسەر نەکراوە، تا ئێستاش هێرش و کردەوەی نامرۆڤانە لە ناوچە داگیرکراوەکان بەردەوامە.
"هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خەڵکی مەدەنی هێشتا بەردەوامن"
زەهرا تیشکی خستەسەر هێرشە بەردەوامەکان و ئاوارەبوون و کردەوە نامرۆڤەکان لە سووریا و وتی: هەرچەندە ئاگربەست ڕاگەیەندرا و دەبوو دۆخێکی ئارام لە سووریا دابمەزرایە، بەڵام ئەمە بەدی نەهاتووە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خەڵکی مەدەنی بەردەوامە، کوشتن و ئاوارەبوون لە سووریا ڕوودەدات، حکومەتی کاتی بەرپرسیارە لەو هێرشانە و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە لە سووریا ڕوودەدەن، لەم قۆناغەدا کە سووریا پێیدا تێدەپەڕێت، کاتی ئەوە هاتووە هەموو پەنابەرێک بگەڕێتەوە سەر خاکی خۆی و لە ماڵەکەی خۆیدا بژی، جا لە عەفرین، سەرێکانیی، یان گرێ سپی بژی، کۆچبەرەکان سەرقاڵی چالاکییەکانن، مانەوەیان لە کەمپەکاندا بۆ خۆی چالاکییەکە. پەیامەکەیان ئەوەیە: “دەگەڕێمەوە بۆ زێدی خۆم”، لە کانتۆنی جزیرە ٦ کامپ دامەزراون و تا ئێستا حکومەتی کاتی هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، کاتێک حکومەتێکی نوێ دەستنیشان دەکرێت، دەبێت پرسی کۆچبەران لە پێشینەی کارەکان بێت و چارەسەر بکرێت.
"بەرخۆدانی بەنداوی تشرین پەیوەندی خەڵک بە خاکەوە نیشان دەدات"
زەهرا لە بەنداوی تشرین پیرۆزبایی بەرخۆدانی گەلی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لە بەنداوەکەدا دڵسۆزی گەل بۆ خاک و سیستمەکەیان لە وەڵامدانەوەی خەڵکدا ڕەنگ دەداتەوە، وەک پێداگرییان لەسەر هێڵی بەرخۆدان و وتی: دەبینین هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین تەنانەت لەم ساتەشدا بەردەوامە، بۆچی تا ئێستا حکومەتی کاتی سووریا لێدوان نادات؟ با هەموو لایەک بزانن کە گەل گەیشتوونەتە ئەو باوەڕە کە بەبێ خاک و ماڵی خۆیان ناتوانن بژین، ئاگادارییەکەی بەنداوی تشرین، پەرۆشی گەل بۆ خاک و ماڵ و وڵاتەکەیان نیشان دەدات، ڕۆحی گەلی شۆڕشگێڕ لەوێ زیندووە، هیچ کەس ناتوانێت ئیرادەی گەل بشکێنێت، گەل ئەمڕۆ داوای مافی خۆی دەکات، تا مافەکانیان مسۆگەر نەکرێت، ناوەستن.
"ڕۆڵی ژنان جەوهەرییە و داواکارریی سووریا ناوەند نییە"
زەهرا داوای لە ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد کە بەرپرسیارانە و بەویژدانانە کار بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران بکەن و لەکۆتاییدا وتی: حکومەتی کاتی نوێ دەبێت بە پێی واقیعی گەلی سووریا کار و چالاکییەکانی خۆی بەڕێوە ببات، پێویستە ڕۆڵی ژنان لەبەرچاو بگیرێت، لەلایەکی دیکەوە دەبێت دان بە سروشتی پێکهاتەکانی سووریادا بنرێت و کار بۆ گەڕانەوەی هەموو کۆچبەرێک بکرێت و کۆتایی بە چیرۆکی پڕ لە ئازاری کۆچ بهێندرێت، بۆ ئەوەی بتوانین سووریایەکی نوێ و بەڕێوەبەر مسۆگەر بکەین.