لە سوریا ٨.٨ ملیۆن زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە هەیە

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا ٨.٨ ملیۆن کەس لە سوریا زیانیان بەرکەوتووە.

ناوەندی هەواڵ

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا ٨.٨ ملیۆن کەس لە سوریا زیانیان بەرکەوتووە،  نەجات ڕۆچدی، جێگری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا چەند زانیارییەکی لەسەر هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بڵاوکردەوە و وتی: "زۆرینەی ئەو کەسانە پێویستیان بە یارمەتییە، نەتەوە یەکگرتووەکان سوورە لەسەر ئەوەی یارمەتی زیاتر بدات بە سورییەکان".

 

مارتن گریفیثی ڕێکخەری فریاکەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ هەرێمەکە بینیویەتی هیچ هاوکارییەک بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە نەکراوە، لەو ناوچانەی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراون.

 

چاودێرانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەداوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی بیرۆکراتی دەبێتەوە و بەهۆی ڕووخاوی ڕێگاکانی ناوچەکەوە لەبری ترێلە یارمەتی بۆ بارهەڵگرە بچووکەکان دەنێردرێت.  

 

بەپێی ڕاپۆرتەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان زیاتر لە ١٤٠ بارهەڵگری یارمەتی بۆ ئەو ناوچانەی کە لەلایەن گروپە سەربازیەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراون ناردووە، بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان زیانلێکەوتووان پێویستی زۆریان بە چادرە.