لە سودان هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا و بەرزبوونەوەی ژمارەی گیان لەدەستدان دەدرێت

دەسەڵاتدارانی تەندروستی لە سودان بڵاوبوونەوەی نوێی نەخۆشی کۆلێرایان لە ویلایەتی کەسالا ڕاگەیاند و لە ئەنجامدا ٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٣٥٠ کەسی دیکەش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

قەیرانی کۆلێرا لە کاتێکدایە کە سودان شایەتحاڵی ململانێیەکی خوێناوییە لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، ئەمەش قەیرانی مرۆیی ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەکات.

 

ڕۆژی ١١ی ئەیلوول، دەسەڵاتدارانی تەندروستی سودان بەرزبوونەوەی قووڵی نیگەرانکەری ژمارەی گیانلەدەستدان و تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرایان ڕاگەیاند، دوای ئەوەی حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و ٣٥٠ کەسی دیکەش لە ویلایەتی کەسالا لە ڕۆژهەڵاتی سودان تووشی کۆلێرا بوون.

 

تۆڕی پزیشکانی سودان نیگەرانی قووڵی لە دۆخی تەندروستی ویلایەتی کەسالا دەربڕی و ئاماژەی بە لاوازی وەڵامدانەوەی تەندروستی و سنوورداربوونی سەرچاوەکان و لافاو کرد کە بەهۆی نەبوونی ئاوی پاک و تێکەڵبوونی لەگەڵ ئاوەڕۆدا بەشداربوون لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشتر دۆخی تەندروستی سودانی بە "کارەساتبار" پێناسە کردبوو، هۆشداریشی دابوو کە ژیانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە مەترسیدایە بەهۆی تێکچوونی چاودێری تەندروستی و داوای دەستوەردانی بەپەلەی لە هەموو ئاستەکاندا کردبو

 

ڕێکخراوەکە داوای دەستبەجێ دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکانی کرد، جەختیشی لەوە کردەوە کە پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی بەرپرسیارێتییەکی مرۆیی و ڕەوشتییە کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی خێرا و کاریگەر هەیە، هەر دواکەوتنێکیش زیانی گیانی زیاتری لێدەکەوێتەوە.

 

لای خۆیەوە فەرمانگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان "OCHA" هەفتەی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠ هەزار حاڵەتی کۆلێرا لەو وڵاتە تۆمارکراوە، ئەمەش بووەتە گەورەترین بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە ساڵانی ڕابردوودا.