لە سودان زیاتر لە ١٥٠ ژن دەستدرێژیان کراوەتە سەر
وتەبێژی نووسینگەی پەنابەرانی سوودان ڕایگەیاند، زیاتر لە ١٥٠ ژن لە سوودان ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی و هەراسانکردن بوونەتەوە، دەشڵێت: ژمارەی ئاوارەکانیش گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس.
ناوەندی هەواڵ
ئادەم ڕجال وتەبێژی نووسینگەی هەماهەنگی پەنابەرانی سوودان دەربارەی ڕەوشی ئاوارەکانی فاشر لە هەرێمی دارفۆر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕاگەیاند، لە شاری فاشر لە هەرێمی دارفۆر زیاتر لە ١٥٠ ژن لە کاتی هەڵاتنیان دەستدرێژی سێکسان کراوەتە سەر و زۆربەیان تووشی ئازاری جەستەیی بوون، هەروەها ڕەنگە ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە شاری فاشریان داگیر کردووە، دەستیانکردووە بە ڕاوەدوونان و ڕفاندنی ژنانی ئەو شارە، هەروەها هەزار و ٣٠٠ کەس بە فیشەک برینداربوون، جگە لەوەش هەزار و ٢١٠ منداڵ بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، لەکاتێکدا ٧٠٠ کەسی بەساڵاچووش ڕووبەڕووی بارودۆخی تەندرووستی ناجێگیر بوونەتەوە.
ئادەم ڕجالباسی لەوەشکرد، ژمارەی ئەو کەسانەی ڕزگاریان بووە گەیشتوونەتە ناوچەی تەویلا، ١٥ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
ڕوونیشیکردەوە، لە ئێستادا ناوچەی تەویلا میوانداری زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە دەکات، بەوهۆیەوە داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکان دەكەین، بەزوویی خۆراک و دەرمان و ئاوی خواردنەوە و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین بکەن.