لە سودان بەهۆی بۆردومانەوە ٢٢ کەس کوژران

لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر شاری فاشێر لە سودان ٢٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٧ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای بانگەوازە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست، هێشتا شەڕ لە سودان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە.

 

ڕۆژی ٢٧ی تەمووز، سەندیکای پزیشکانی سودان ڕایگەیاند لە ئەنجامی تۆپبارانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر شاری فاشر لە ویلایەتی دارفۆری باکوور کە ٢٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٧ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

سەندیکای پزیشکانی سودان ئاماژەی بەوەدا، هێزەکانی پشتیوانی خێرا هێشتا بەردەوامن لە پێشێلکارییەکانی دامەزراوە پزیشکی و مەدەنییەکان لەفاشر، بەو پێیەی بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان نەخۆشخانەیەکیان کردە ئامانج.

 

هەروەها ڕوونیانکردەوە، بۆردومانکردنی سەر شاری فاشر و ناوچەی بازاڕی گەورە و ماڵە مەدەنییەکان بووەتە هۆی کوژرانی زۆرێک لە خەڵکی مەدەنی، کارەکان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی ژمارەی وردی کوژراو و بریندارەکان.

 

بە پێی زانیارییەکان تا ئێستا ٩٧ حاڵەتی بریندار یان گیان لەدەستدان لەناو هاوڵاتیانی شاری فاشردا هەیە بەهۆی بۆردومانی بەردەوامی هێزەکانی پشتیوانی خێرا.

 

لە ١٠ی ئایارەوە، شاری فاشر ڕووبەڕووی پێکدادانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بووەتەوە، سەرەڕای هۆشداری نێودەوڵەتی سەبارەت بە شەڕەکانی ئەو شارە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشتریش پشتڕاستی کردبووەوە کە واشنتۆن بانگهێشتی سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرای کردووە بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی ئاگربەست کە لە ١٤ی ئاب لە سویسرا دەستپێدەکات.