لە سەرەتای ساڵەوە ٦٠ ژن کوژراون و ١٤٠ ژن توندوتیژیان بەرامبەر کراوە

بەپێی ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان دەرکەوتووە کە لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە میسردا ٦٠ ژن کوژراون، ١٠ ژن لە کوشتن ڕزگاریان بووە، ١٤٠ ژنی دیکە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، ئەو کەسانەشی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدەن پیاوی نزیکی ئەو ژنانەن.

میسر

 

 دامەزراوەی ئیدراک بۆ گەشەپێدان و یەکسانی (ADF) ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی "ڕێژەی توندوتیژی و تاوان بەرامبەر بە ژنان و منداڵان لە میسر" بڵاوکردووەتەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا ١٤٠ ژن بە چەندین شێوە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە و ٦٠ ژنیش کوژراون و ١٠ ژن لە کوشتن ڕزگاریان بووە.

 

١٧ ژن دەستدرێژی سێکسیان بەرامبەر کراوە

 لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە چەندین ژن بە ناوی خۆکوشتنەوە گیانیان لەدەستداوە ئامارەکانیش بەم شێوەیە بوون، "لە ٣ی کانوونی دووەمدا ٢٠ ژن ناچاری خۆکوشتن کراون، ٦ ژن بەهۆی توندوتیژییەوە زیانی جەستەییان پێگەشتووە، ١٧ ژن دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر، 14 ژنی دیکەش توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، چەندین حاڵەتی خەتەنەش تۆمار کراوە.

 

کەسانی تاوانبار کەسی نزیکی ژنەکان بوون

 بەپێی ڕاپۆرتەکە زۆرینەی ئەو ژن و منداڵانەی توندوتیژییان بەرامبەر کراوە لەلایەن کەسانی نزیکی خێزانەکەیانەوە کوژراون، لە ئاستی دووەمی ڕاپۆرتەکەدا ئەو ژنانەن کە بە هۆی ئەشکەنجەوە برینداربوون یاخود بەهۆی توندوتیژییەوە بوونەتە خاوەن پێداویستی تایبەتی کاتی یان ماوە دڕێژ، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بەپێی ماددەی ٢٤٢ی یاسای سزادانی میسر ئەو پیاوانەی کە بەردەوام بە توندوتیژی تۆمەتبار دەکرێن، سزای قورس دەدرێن بەڵام هەر دووبارەی دەکەنەوە.

 

 

لە ناو شارەکاندا ڕێژەی توندوتیژی بەرزترە

 لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە بە ڕێژەی ٪١٥.٧ی ژنان لە نێوان تەمەنی ١٩-٣٠ ساڵدا توندوتیژی سێکسییان بەرامبەر دەکرێت، ٪٧٢ی توندوتیژییەکان لە شارەکاندا ئەنجام دەدرێن، بە ڕێژەی ٪٧٢ش توندوتیژی لە دژی ژنان و کچان زیادی کردووە، لە ٪٢٧ی توندوتیژییەکانیش لە ناوچە گوندنشینەکاندا ئەنجامدراون.

 

 بە وتەی ناوەندی چاودێری ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە تەنها ئەو حاڵەتانەن کە لە ڕاپرسییەکاندا کۆکراونەتەوە بە فەرمی ڕاگەیاندراون، چونکە زۆر حاڵەتی دیکە هەیە کە ئاشکرا ناکرێن و ناگەنە دەستی لێکۆڵەران.

 

ت.پ