لە سەرەتایی دەستپێکردنی شەڕ لە غەززە ٦٥٠ ژن دەستگیرکراون
ڕاپۆرتێکی هاوبەش کە ڕەنگدانەوەی ڕادەی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیلە لە دژی زیندانیانی فەڵەستینی، دەریدەخات کە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و پشتگوێخستنی پزیشکی لە پەرەسەندندایە، ئەویش بەهۆی شەڕی بەردەوامی غەززە و زیانلێکەتووە مرۆییە وێرانکەرەکانی.
ناوەندی هەواڵ
لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل سیاسەتی سەرکوتگەرانەی خۆیان لە دژی فەڵەستینییەکان پەرەپێدا و بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، حەوت هەزار دەستگیرکردن و کوژرانی ٣٢ زیندانی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل تۆمارکراون.
لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشدا، یانەی زیندانیانی فەڵەستین، کۆمەڵەی پشتیوانی و مافی مرۆڤی ئەدەمیر و کۆمیسیۆنی کاروباری دەستبەسەرکراوان و دەستگیرکراوەکانی پێشووی دەسەڵاتی فەڵەستین، پشتڕاستیان کردەوە، کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ زیاتر لە ٢١ هەزار دەستگیرکردنیان ئەنجامداوە، کە ١٦٥٥ منداڵ و ٦٥٠ ژن، بەبێ ژماردنی دەستگیرکراوەکانی کەرتی غەززە و ناوچە داگیرکراوەکان.
لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کە تەنها لە ساڵی ٢٠٢٥دا نزیکەی ٧ هەزار فەڵەستینی دەستگیرکراون، کە ٦٠٠ منداڵ و ٢٠٠ ژن بوون، بەمەش کۆی ژمارەی زیندانیانی زیندانەکانی ئیسرائیل بۆ زیاتر لە ٩ هەزار و ٣٠٠ کەس زیادیکردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی سیاسەتی دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا، کوژرانی ٣٢ زیندانییان بەڵگەدار کردووە، کە ١٠ زیندانیان خەڵکی کەرتی غەززە بوون، بەمەش کۆی ژمارەی گیانلەدەستدان لەنێو زیندانییە فەڵەستینییەکان لە سەرەتای شەڕەوە گەیشتووەتە ١٠٠ کەس، هەروەها ناسنامەی ٨٦ کەس بڵاوکراوەتەوە، کە ٨٣ کەسیان لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن و پشتگوێخستنی پزیشکی گیانیان لەدەستداوە، تا ئێستاش تەرمی چەند کەسێک لە کوژراوەکان ماوەتەوە لایان.
ڕاپۆرتەکە ڕوونیشی کردووە، کە ئیسرائیل زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی گۆڕیوە بۆ "ژووری ئەشکەنجەدانی سیستماتیک"، کە تێیدا سیاسەتی لەسێدارەدانی هێواش و زیندانیکردنی تاکەکەسی و ڕەتکردنەوەی مافە سەرەتاییەکانی زیندانیان وەک خۆراک، چاودێری تەندروستی، جلوبەرگ و بەرهەمی پاک و خاوێنی پراکتیزە دەکات، هەروەها منداڵان لە پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بێبەش دەبن.
ڕاپۆرتەکە زیاتر تیشکی خستۆتە سەر ڕاگرتنی درێژخایەنی زیندانیان بەبێ تۆمەتی ڕوون و دادگاییکردنی دادپەروەرانە، بەردەوامی سیاسەتی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ڕەتکردنەوەی سەردانی خێزانی و یاسایی، هەروەها ئاماژەی بە دووبارە دەستگیرکردنی ٨٠ زیندانی کردووە کە لە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان ئازادکراون، لەنێویاندا منداڵ و ژنان.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەم پێشێلکاریانە لەگەڵ شەڕی بەردەوامی کەرتی غەززە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی ٧١ هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٧١ هەزار فەڵەستینی کە زۆربەیان منداڵ و ژنن.