لە سلێمانییەوە هاوکارییەکانى کەمپەینی دوو ڕۆژە ڕەوانەى زیانلێکەوتوانی چەمچەماڵ کرا

لە دوای دوو ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی کەمپەینی هاوکاری بۆ چەمچەماڵ لە شاری سلێمانی، بڕی ٦٠ ملیۆن دیناری عێراقی و ١٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی و چەندین کەلوپەلی ناوماڵ و هاوکاری جۆراو جۆر کۆکرایەوە و ڕەوانەى چەمچەماڵ کرا.

سلێمانی 

 

لە ڕۆژی ٨ی کانوونی یەکەم شەپۆلێکی باران و بەفر تەواوی ناوچەکانی باشووری کوردستان و عێراقی گرتەوەو، لەچەند شارێک لافاو دروست بوو کە بووە هۆی زیانی گیانی و ماددی، دوای ئەو کارەساتە هاوڵاتیان لە ناوچە جیاوقزەکانەوە کەمپەینی هاوکارییان ڕاگەیاندو قەرەبووی زیانبەرکەوتووان دەکەنەوە. 

 

ماوەی دوو ڕۆژە لە ئەمنەسورەکەی شاری سلێمانی بە بەشداری ڕێکخراو لایەنی حزبی و سیاسی و گەل کەمپینی هاوکاری بۆ هاوڵاتییانی چەمچەماڵ و دەوروبەری ڕاگەیەندراوە، لەم کەمیپینەدا ژنان ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕن لە کۆکردنەوەی هاوکارییەکان  بۆ زیانلێکەوتووانى چەمچەماڵ و ناوچەکانی تر.

 

لە هەڵمەتەکەدا کە هەموو توێژەکانی شاری سلێمانی بەژداریان تێداکردووە هەوڵدراوە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان وەک سۆبا و فەرش و خواردن و هەموو ئامێرەکانی گەرم کردنەوەو وشککردنەوە و ئەو پێداویستیانەی کە لە ئێستادا بۆ زیانلێکەوتوانی چەمچەماڵ پێوئستە، دابین بکرێت.

 

بەفرین سلێمان فەقێ مەحمود، سەرۆکی دەستە لە فەرمانگەی وردبینی پارێزگای سلێمانی وتی: ئەم کەمپەینە ماوەی دوو ڕۆژە بەردەوامە وەک سیفاتی هەمیشەی خەڵکی سلێمانی کە چۆن لە هەموو حاڵەت و بارودۆخێکی نەخوازراودا ئامادەن هەڵمەتی هاوکاری بگەیننە دەستی زیانلێکەوتووان  و پێشتریش بۆ وڵاتانی چواردەور هاوکاری و کەمپەین ڕاگەیەندراوەو گەشتۆتە دەستیان لە ئیستادا زیانلێکەوتتوان هاوڵاتیانی باشووری کوردستانن  و ماوەی دوو ڕۆژە ئەم کەمپەینە بەردەوامە بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی بە شەرەفی چەمچەماڵ، ئێمەش وەک ئەرکێکی نیشتیمانی لێرەدا بەردەوام بووین   و ئەم کەمپینە لە چەند شتێکدا خۆی بینیوەتەوە وەک پارەی نەقد و کەلوپەلی و پیداویستیە سەرەتاییەکان و خواردن و کاڵای بەکارنەهاتوو، لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا ٦٠ ملیۆن دیناری عێراقی و ١٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی کۆ کراوەتەوە و هاوکات توانراوە ڕۆژانە ١٧ بارهەڵگری پر لە پیداویستی بگاتە دەستیان .

 

بەفرین سلێمان لە بارەی بەشداری ژنان لەو کەمپینەدا وتی: ماوەی دوو ڕۆژە ژنان ڕۆڵ و بەشداری چالاکییان هەبووەو و لە ڕووی بەخشین و هاوکاریکردنیشەوە زۆر چالاک بوون  و خواردن و کەلووپەلەکان کۆ دەکەنەوەو رەوانەی چەمچەماڵی دەکەن، هاوکات ژنان بەردەوام لە کاتی ناخۆشی و تەنگانەدا هاوکار بوون و بێ جیاوازی کاریان کردووە بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان و من لە ئێستادا وەک دایکی مندالێکی نەخۆش  لێرە ئامادەم و بە ئەرکی خۆمی دەزانم کە هاوکاریان بکەم.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا بەفرین سلێمان وتی : ئەوەی لە ئێستادا گرنگە پێداویستییە سەرەتاییەکان بە شێوەکەی نوێ بگاتە دەستیان   وەک خواردن جلوبەرگ کاڵای ناوماڵ وەک ڕاخەر و فەرش و ئێمە لێرەدا هیچ شتێکی کۆن و بێسوود نانێرین تەنها شتی بەکارنەهاتوو و خواردن و پۆشاک و خۆشحاڵم کە زۆرینەی پێداویئستییەکان کە نێردراوە بەکارنەهاتووە هەروەها خورادنەکانیش هەمووی هەڵنەپچراوە و تازە لە مارکێتەکانەوە هێنراوە .