لە سلێمانی ژمارەیەک لە دەرچووانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی گردبوونەوە
لە سلێمانی ژمارەیەک لە خوێندکارانی دەرچووی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بەهۆی ئەوەی لە شوێنی دڵخوازی خۆیان وەرنەگیراون گردبوونەوەیان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، بێئومێدکردنی هەزاران خوێندكار گەورەترین ستەمە.

ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ١٨ی تشرینی یەکەم، لە بەردەم کامپی کۆنی زانکۆی سلێمانی ژمارەیەک لە خوێندکارانی دەرچووی پۆلی ١٢ی ئامادەیی سەبارەت بە کەمکردنەوەی کورسی بەشە ئەندازیارییەکان و پزیشکییەکان خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
ڕاگەیەندراوی خوێندکارانی ناڕازی خوێندرایەوە و تییدا هاتووە: سەبارەت بە وەرگرتنی خوێندكارانی دەرچووی پۆلی ١٢ گەورەترین ستەمە و بێئومێدکردنی هەزاران خوێندكارە لەخوێندن، سووتاندنی بەرهەم و ڕەنجی شەونخونی ١٢ ساڵەی خوێندكارانە، ڕەوا نییە چەندەها خوێندكار بە نمرەی باڵاوە حەقی خۆیان لێزەوت کراوە، لە بەشی شایستەی خۆیان ناویان نەهاتووەتەوە، هۆکاری سەرەکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمکردنەوەی کورسی، بۆیە داواکارین بەشی سکاڵا بکرێتەوە تا کێشەی خوێندکاران چارەسەر بکرێت و بگەڕێنەوە ناو شاری خۆیان.
پاشان، سارا کامەران وتی وەک خوێندکارانی دەرچووی پۆلی ١٢، ٢٠٢٥-٢٠٢٦ داواکارین لە دكتۆر ئارام محەمەد، کە پێداچوونەوەی سیستەمەکە بکات، چونکە غەدرێکی زۆر لە خوێندکاران کراوە و بە جیاوازی نمرە خراوەتە ڕوو لە کاتێکدا بەبێ جیاوازی هەژمارکردنی نمرەی وانەکانی عەرەبی کوردی، کۆی گشتی ئەو خوێندکارانەی نمرەی کەمتریان بە دەست هێناوە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٣١٠ خوێندکارە، بەپێی ئەو داتایەنەی کۆمان کردووەتەوە چاوەڕوانی دابەزینی نمرەی زیاتری کۆلێژەکان دەکرا، بەڵام بە پێچەوانەوە نەک دانەبەزی بەڵکوو لە زۆربەی بەشەکان بەرزبوونەوە و تایبەتیش بەشە ئەندازیاریەکان، ژمارەیەکی زۆر لەو خوێندکارانەی بە هۆی جیاوازی ئۆپۆین یەک نمرە لە بەشی دڵخوازی خۆیان وەرنەگیراون، بەڵکوو چونەتە کورسی پارالێڵ ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمکردنەوەی کورسی زانکۆلاین و زیادکردنی کورسی پارالێڵ کە ئەمەش ناڕەواییە کە بەرانبەر بە خوێندکاران دەکرێت.