لە سلێمانی پانێڵێک بە ناونیشانی " لەمپەرەکانی بەردەم ژنانی ڕۆژنامەنووس" ئەنجامدرا

لە درێژەی کارەکانی هەڵمەتی ۱٦ ڕۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پانێڵێک بە ناونیشانی " لەمپەرەکانی بەردەم ژنانی ڕۆژنامەنووس"، بە بەشداری مامۆستایان و دکتۆرانی زانکۆی سلێمانی و بەشێک لە ڕاگەیاندکاران بەڕێوەچوو.

سلێمانی

 

 پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەزانکۆی سلێمانی کامپی نوێ، سەنتەری یەکسانیی ڕەگەزی زانکۆی سلێمانی، لە درێژەی کارەکانی هەڵـمەتی ١٦ ڕۆژەی توندوتیژی دژی ژنان، پانێڵکی بە ناونیشانی " لەمپەرەکانی بەردەم ژنانی ڕۆژنامەنووس"، بۆهەریەکە لە هانا شوان، پانێڵست، بەنازحەمەڕەشید، پانێڵست، بە بەشداری مامۆستا و دکتۆرانی زانکۆی سلێمانی و بەشێک لە ژنانی ڕاگەیاندکار ڕێکخست، کە تێیدا باس لە بارودۆخی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە دەزگاکان و کاتی کارکردندا کرا.

 

هانا شوان، پانێڵست، باسی لە بەربەستە نەبینراوەکانی بەردەم ژنانی ڕۆژنامەنووس و بێدەنگ بوون لێی کرد، وتی: لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ڕاگەیاندنەکان بێ سەرچاوەن، بۆیە ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، بەشێک لە ژنان بەهۆی دەرخستنی گەندەڵیەکانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و دورخستنەوە لە کار دەبنەوە، هەروەها کاتێک ژنێک لە ڕاگەیاندندا دووگیان دەبێت بەبێ گەڕانەوە بۆ توانای کارکردنی دوردەخرێتەوە یان مۆڵەتێکی کەمی پێ دەدرێت تا ناچار بە وازهێنان دەکرێت، ئێمە ڕۆژانە بەرکەوتەمان لەگەڵ جۆرەکانی توندوتیژی هەیە، ڕاگەیاندکاری ژن هەیە بەهۆی سوڕی مانگانەوە دووچاری بارودۆخێک بووەتەوە کە هەواڵێکی بە هەڵە ڕۆشتووە، بەڵام دەستبەجێ لەکار دورخراوەتەوە و گرێبەستەکەی هەڵوەشاوەتەوە، هەروەها ژنان لە موچەشدا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و جیاکاری لە نێوان موچەی ژنان و پیاوان لەیەک دەزگادا دەکرێت.

 

لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی: خۆشبەختانە دەزگای ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، یاساش پشتیوانی لە ڕۆژنامەنووسان دەکات، بەڵام لە ئاستێکی باشدا نابیندرێت، هەروەها بەشێک لە ڕاگەیاندکارانی ژن نایانەوێت کەیسەکانیان بکەوێتە دادگاکان، بۆیە پێویستە هۆشیاری ژنانی ڕاگەیەندکار لە ئاستێکی باشدابێت، ئاگاداری جۆری گرێبەستی نێوان خۆی و دەزگاکەی بێت، هەروەها لە ڕێگەی پارێزەری بەتواناوە کار بۆ ژنان و توندوتیژیەکانیان لە ناو دەزگاکاندا بکرێت و بە نهێنی کێشەکانیان چارەسەر بکات.

 

بەناز حەمەڕەشید، پانێڵست باسی لە بەربەستەکانی بەردەم ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ڕوماڵی هەڵبژاردندا کرد، وتی: فشارەکان لە ڕووی دەروونییەوە لەسەر ڕاگەیاندکارانی ژن ڕوودەدات، ژنان سەرەڕای توندوتیژییەکان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، کاتێک خەریکی گواستنەوەی ڕاستەوخۆی زانیارییەکانن لە لایەن پیاوانەوە دووچاری توندوتیژی بوونەتەوە، هەروەها لە ماوەی ئەو مانگەی کە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دانرابوو دووچاری ڕوبەڕوبونەوە بونەتەوە، کە زۆرجار لە لایەن پارتە بەربژێرەکان و پەرلەمانتارەکانەوە یاخود لە کاتی ڕاستەوخۆی ڕوماڵی هەڵبژاردندا لە لایەن میوانەکانەوە دووچاری توندوتیژی بوونەتەوە.

 

لەکۆتایی قسەکانیشیدا وتی: ڕاگەیاندکاران سەرچاوەی گرنگی گواستنەوەی هەواڵەکانن، بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ناهێڵن کار لەسەر بارودۆخ و ناڕەزاییەکانی هاوڵاتیان لە بارەی هەڵبژاردنەکانەوە بکەن، هەروەها لە کاتی ڕووماڵدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دووچاری ئەشکەنجە و زیندانی کردن دەبنەوە.

 

تابان محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری سەنتەری یەکسانی ڕەگەزی لە زانکۆی سلێمانی، وتی:  لەدرێژەی چالاکیەکانی هەڵمەتی ۱٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەئەمڕۆدا هەڵمەتێک بۆ ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنانی ڕاگەیاندکار ئەنجامدەدرێت، لە دووەم چالاکیمان لەم پانێڵەدا باس لە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنانی ڕاگەیاندکار دەکرێت، هەروەها لە پانێڵە زانستییەکاندا بە ئەکادیمی کاری لەسەردەکەین، لە پانێڵەکەدا هەردوو پانێڵیست باس لە توندوتیژییەکان بەرامبەر ڕاگەیاندکارانی ژن و بەربەستەکانی لە ڕووماڵی هەڵبژاردەکان و جۆری توندوتیژییەکان دەکرێت.

 

لە کۆتاییشدا وتی: ئامانجمان لەم پانێڵانە دەرخستنی توندوتیژییەکانە بەرامبەر ژنانی ڕاگەیاندکار و دەرخستنی جۆرەکانییەتی، تا کۆمەڵگە هۆشیاربن کە ڕاگەیاندکارانیش لە نێودەزگاکاندا توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت.