لە سلێمانی مەڕاسیمێکی شکۆدار بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بەڕێوەچوو
بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە سیاسەتمەداران و چالاکوانان و مامۆستایانی ئاینی و نوێنەرانی ڕۆژئاوا، مەڕاسیمێکی شکۆدار و شایستە بۆ شەهیدانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە سازکرا.
سلێمانی
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی، مەڕاسیمێکی گشتی و شکۆدار بەمەبەستی ڕێزلێنان لە گیانی بەرهەڵستی و شەهیدانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە سیاسەتمەداران و چالاکوانان و مامۆستایانی ئاینی و نوێنەرانی ڕۆژئاوا ڕێکخرا، کە تێدا چەند وتارێک پێشکەشکرا و ڤیدیۆیەکی بەرخۆدانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەش نمایش کرا.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، سیاسەتمەدار، وتی: لە مێژە دەزانین شەهیدبوون لوتکەی مرۆڤە، هەمیشەش دەڵێین ئێمە بۆ شەهیدەکانمان ناگرین بەڵکو درێژە بە خەباتەکانیان دەدەین، هەروەها شەهیدبوونی ڕۆڵە ئازاکانی ئێمە تەنها لە پێناو بەرگری لە مرۆڤ و کەرامەتی نیشتیمان بووە نەک بۆ تاڵانی و دزی کردن، بۆیە لێرەوە نەک هەر سڵاو بۆ ئەو شەهیدە قارەمانانە دەنێرم، بەڵکو لە ئاست ئەو بەرگریە مەزنەدا سەر دادانەوێنم کە بەرامبەر ئەو هێزە دڕندەیەدا لە جیهان داستانیان تۆمار کرد، هەروەها داستانی شێخ مەقسود پڕە لە دەرس و دەبێت فێربین ئومێدمان بە دۆستەکانمان نەبێت و هیوایان لەسەر هەڵنەچنین، چونکە ئەوە هەر ئێمە بووین بەرامبەر داعش شەڕمان کرد، بەڵام لە ئێستادا جیهان پشتی تێ کردنین و جێی هێشتین، بۆیە دەبێت دەرس وەرگرین و تەباو یەکگرتوو و یەک دەنگبین، هەروەها دەبێت بزانین دوژمن تەنها لەبەر کورد بوون هێرش دەکاتە سەرمان، چونکە لای دوژمن کوردی باش و خراپ بوونی نیە، بەڵکو دەڵێن کوردی باش ئەوەیە کە مردووە.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، وتی: دەمەوێت رێز و سڵاو بۆ سەرجەم کوردانی هەموو جیهان بنێرم، هەروەها بۆ ئەو زانا ئاینیانەی کە دژی دەنگی نەشاز وەستانەوە کە دەیانویست بە ناوی ئاینەوە گومان بکەنە سەر توانای شەڕڤانان، بۆیە ئەم گۆڕانکاریانە ئاماژەن بۆ گۆڕانکاری نوێ و دەبێت پاڵپشتی هەڤاڵانمان بکەین لە ڕۆژئاواو لەسەر ڕێگەی شەهیدانمان بەردەوام بین، لە کۆتایشدا دەڵێم، داگیرکەری دڵ پڕ لە قین دڕندەی بێ ویژدان و دین ناتوانی وا کەی کورد نەبین هەر کورد بووین و هەر کورد دەبین.
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوا، لە ڕێگەی ڤیدیۆیەکەوە پەیامی خۆی نارد و وتی: من زۆر سوپاسی ئێوە دەکەم بۆ ئەو پشتگیرییەی کەهەتانە دژی ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها ئێستا ئێمە دەزانین گۆڕانکاری لە سیستەمی جیهاندا هەیە و سیستەمی نوێ دێتە پێشەوە، لە سووریاشدا هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ گۆڕانکاری لەو سیستەمانەدا، تەنانەت ئێستا من دەتوانم بڵێم کە لەناو بردنی گەلی کورد بە شێوازێکی زۆر درندانە بەردەوامە، هەروەها بەدەر لە کورد بۆ سەر عەلەویەکان و نەتەوەکانی دیکەش هەوڵی لەناوبردن هەیە، هەروەها خەڵکی عەفرین زۆر ناڕەحەتیان بینیوە پێشتر لەبەر حکومەتی بەعس و ئێستاش بەهۆی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع، هەروەها هێرشەکانی سەر ئەشرەفیەو شێخ مەقسود شەش ڕۆژ بەردەوام بوو دژی گروپی چەتەکانی ئەحمەد شەرع، کە شەڕڤانان و خەڵکی مەدەنی بەردەوام گەڕەکەکانیان دەپاراست، کە بە ژمارەیەکی کەم بەرامبەر بە چەک و نەقەمەنی زۆر و ژمارەیەکی زۆری چەتە توانیان سەرکەوتن بەدەست بهێنن، شەڕەکە شەڕێکی یەکسان نەبوو، بۆیە بەرخۆدانێک بوو کۆمەڵێک هەڤاڵمان شەهید بوو تێیدا.
سروە عوسمان، نوێنەری کەنەکە، وتی: دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان، وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە شانازیەوە دەڕوانینە شۆڕشی ئەشرەفیە و پێمان وایە کە بنەمای بونیادی دەوڵەت سەقامگیری ناوچەکەیە، هەروەها بە توندی ئەو کارە قێزەونانە ئیدانە دەکەین و پێمان وایە هەمان کاری داعشە دووبارەی دەکەنەوەو هیچ گۆڕانکاریەک نەبووە، هەروەها هێرشی حکومەتی کاتی سووریا بۆ سەر عەلەویاکان ئەوە نیشان دەدات، کە ئەگەر کورد یەک دەنگ نەبێت هەمان چارەنوووسی دەبێت، بۆیە لێرەوە داوا دەکەین کۆنگرەی نەتەوەیی لە هەرچوار پارچە ئەنجام بدرێت و ڕێگری لە وتاری ڕەگەزپەرەستی بکرێ، هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم بە زوترین کار هێرشەکانی حکومەتی سووریا بوەستێنێت و بریندارەکان چارەسەر بکرێن و دیلەکان ئازاد بکرێن.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، وتی: ئێمە ئەمڕۆ لێرە بۆ ماتەم گێڕان کۆنەبوونەتەوە، بەڵکو بۆ وەرگرتنی وزەی ئەرێنی کۆبوونەتەوە، بۆئەوەی بتوانین بەرگەی هەموو زریانە توندەکان بگرین، هەروەها لە باشووردا بە هەموو تێبینیەکانەوە حکومەتی کوردستانمان هەیە و لە ڕۆژئاوای کوردستان خۆبەڕێوبەری هەیە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ''ژن، ژیان، ئازاد'' یمان هەیە کە بۆتە سەرچاوەی چەندین شۆڕش.
عەتا پێنجوێنی، وتارخوێن، وتی: بە ناوی خوای بەخشندەو میهرەبان، لە بۆنەیەکی ئاوادا و لە پشتیوانی کردمان بۆ کوردانی ڕۆژئاوا ئێمە لە یەکێتی ئاینی زانایانی کوردستان پشتیوانی خۆمان بۆ کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان ڕادەگەیەنین، ئەوەی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفتەو شێخ مەقسود روویدا بۆ لەناوبردنی گەلی کورد بوو، حکومەتی کاتی سووریا لەگەڵ حکومەتی پێش خۆیەوە بەردەوام هەوڵی لەناوبردنی گەلی کوردیان داوە، بۆیە ئێمە لە ئێستادا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە یەکدەنگی و یەکریزی گەلی کورد هەیە.
''پێویستە ئەو کەسانە بوەستێنین کە قسە لەسەر شەڕڤانان دەکەن و نمایش بە ڕووفاتەکانیان دەکەن''
نەجمە عەلوش، نوێنەری کۆنگرە ستار، وتی: بە پشتیوانی نوێنەران و دڵسۆزانی ڕۆژئاوا ئەمڕۆ لێرەدا کۆبووینەتەوە بۆ بەرزنرخاندنی یادی شەهیدەکانمان لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، هەروەها هەموو نوێنەراکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە جیاوازەکان و هەموو لایەنە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان دەبێت پشتیوانی لە ژنانی ڕۆژئاوا بکەین دژی ئەو توندوتیژیانەی کە بەرامبەریان ئەنجامدەدرێت، هەروەها پێویستە ئەو کەسانە بوەستێنین کە قسە لەسەر شەڕڤانان دەکەن و نمایش بە ڕووفاتەکانیان دەکەن.
''دەبێت هەمیشەش هەموومان پشتیوانی کورد بین لە ڕۆژئاوای کوردستان''
شلێر غەفور، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، وتی: دەستخۆشی لە ئامادەکارانی ئەم ڕێزلێنانە و خەبات وقوربانیدانی شەهیدان و تێکۆشەرانی بزاڤی ڕزگاریخوازان و شەڕڤانان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەم، بەڕاستی ئامادەکردنی ئەم بۆنانە و ڕێزلێنان لە شەهیدانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود جێی ڕێزە و زۆر گرنگە، هەروەها دیارە کە نەتەوەکەمان چواردەورەدراوە بە کۆمەڵێک نەیار و کۆمەڵیک وڵاتی ڕەگەز پەرست، بەڕاستی ئەگەرخۆمان لەناو خۆماندا خەباتی خۆمان بەرزنەرخێنین و یەکگرتوو نەبین و پشتی یەک نەگرین، ئەوا بۆ کەیسە نەتەوەییەکەمانەوە زۆر دوادەکەوین، چونکە دەزانین کە تاکە نەتەوەین کە وڵاتمان نییە، لەبەرئەوە زۆر گرنگە کە ئامادەکاری و بەشداری هەبێت بۆ ئەم جۆرە مەراسیم وکۆبوونەوانە، دەبێت هەمیشەش هەموومان پشتیوانی کورد بین لە ڕۆژئاوای کوردستان.