لە سلێمانی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان گردبوونەوە

ژمارەیەکی بەرچاو لە خاوەنپێداویستی تایبەت بە مەبەستی داواکردنی موچەکانیان لە سلێمانی گردبوونەوە، داوایان لە حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم کرد، مافی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان دابین بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی دواکەوتنی موچەی مانگی ئایار کە ٥٣ ڕۆژە موچەخۆران چاوەڕێی وەرگرتنی موچەکانیان، ئەمڕۆ ٢٢ی حوزەیران، ژمارەیەکی بەرچاو لە خاوەنپێداویستی تایبەت لە بەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی گردبوونەوەو لەدوای گردبوونەوەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و داوایان لە حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم کرد، مافی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان دابین بکات.

 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا وترا: ئەوەی ئەمڕۆ ئێمەی کەمئەندامانی هێناوەتە سەر شەقام برسێتیی و قات و قڕی و نەبوونی موچەیە، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٨٠ هەزار کەمئەندام لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن، بەڵام موچەیان پێنادرێت،

ماوەی دوو مانگە ڕۆژ دەژمێرین، كە کەی مووچەی کەمئەندامان دابەشدەکرێت، بەڵام لە دوای دوو مانگ ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر بێ هیوا دەبین، بۆیە داوای مافی یاسای خۆمان دەکەین، کە ئەویش تەنها مووچەیە، داواکارین حکومەت گوێیەکی هەبێت بۆ بیستن و زمانێک بۆ وەڵامدانەوەی داواکاریەکانی کەمئەندامان.