لە سلێمانی دیداری “دوای ساڵێک پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەرەو کوێ؟" دەستیپێکرد

لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەریی ناوەندی توێژینەوەی شار دیداری “دوای ساڵێک پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەرەو کوێ؟” بە خولەکێک وەستان بەبێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە ڕۆحی شەهیدان دەستیپێکرد.

سلێمانی 

 

کەمێک پێش ئێستا، لە هۆڵی ڕامادا لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەریی ناوەندی توێژینەوەی شار لە دەزگای میدیایی شارپرێس، دیداری “دوای ساڵێک پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەرەو کوێ؟” بە خولەکێک وەستان بەبێ دەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدان دەستیپێکرد و نزیکەی ١٢٠ کەس لە ئازادییخوازان، وڵاتپارێزان، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی سیاسیی بەشدارن.

 

لە دیدارەکەدا دوو پانێڵ بەڕێوەدەچێت، لە پانێڵی یەکەمدا هەریەک لە "نەورۆز ئویسال، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە شرناخ و پاریزەری پیشووی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، مەزڵوم دینج، بریکاری یاسایی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ئەندامی نووسینگەی یاسایی سەدە، کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی" تێیدا بەشدارن و پانێڵەکە لەلایەن د. جەعفەر عەلی، نووسەر و چاودێری سیاسیی بەڕێوەدەبرێت.

 

هەروەها لە پانێڵی دووەمدا هەریەک لە "د. تەلار عەلی، مامۆستای زانکۆ، د. سەلام عەبدولکەریم، مامۆستای زانکۆ و توێژەر، محەمەد ئالا، نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان" تێیدا بەشدارن و پانێڵەکە لەلایەن هیوا سەید سەلیم، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسیی بەڕێوەدەبڕێت.

 

بڕیار وایە دوای تەواوبوونی دیدارەکە کە ماوەی یەک ڕۆژ دەخایەنێت، هەریەک لە نەورۆز ئویسال و مەزڵوم دینج کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی سەبارەت بە دواین زانیاریی و گۆڕانکارییەکان و پێویستییەکانی پرۆسەکە و هەنگاوەکانی داهاتووی دەوڵەتی تورک و تەڤگەری ئازادیی دەکەن.