لە سلێمانی بە دروشمی ''وێنەکان دەیسەلمێنن شاخەوانەکان نزیکترین هاوڕێی سروشتن'' ڕۆژی شاخ پیرۆزکرا
لە ساڵیادی دامەزراندی گروپی شاخەوانی کوردستان و ڕۆژی شاخ، بەئامادەبوونی ٢٠ گرووپی شاخەوانی و ژینگە دۆستان، پێشەنگایەکی وێنە کرایەوە.
سلێمانی
١١ی کانوونی یەکەم، لە هۆڵی بەردەوانی کارگەی کولتووری سلێمانی، تۆڕی شاخەوانی کوردستان بە دروشمی ''وێنەکان دەیسەلمێنن شاخەوانەکان نزیکترین هاوڕێی سروشتن''، بەئامادەبوونی ٢٠ گرووپی شاخەوانی و ژینگە دۆستان، پێشەنگایەکی وێنە بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی تۆڕەکە و ڕۆژی شاخەوە کرایەوە، کە تێیدا چەندین وێنە خرایەڕوو، وێنەکانیش هی گرووپە جیاوازەکانی شاخەوانی بوو کە لە کاتی شاخەوانی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان تۆماریان کردبوو.
لەگەڵ وێنەکاندا هەموو ئەو کاڵایانەی لە کاتی شاخەوانیدا پێویستیانە نمایش کرا و ئاماژەیان بەوە کرد، کە لەگەڵ ئەنجامدانی شاخەوانی گرنگیەکی زۆر بە ژینگە و ژینگە پارێزی دەدەن، هەروەها بەشێک لە شاخەوانان لە درێژەی چالاکیەکانی پێشانگاکەدا بەردەوانیان ئەنجام دا، هەروەها کۆمەڵێک بەردی بەنرخ و جیاواز خرایە ڕوو کە لە کاتی شاخەوانیدا شاخەوانەکان دۆزیوتانەتەوە و پاراستویانن.
''سەرەتایی شاخەوانی ژنان لە سلێمانییەوە سەری هەڵداوە''
شارا موستەفا، ڕاگەیاندنکار و ئەندامی دەستەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی تۆڕی شاخەوانی کوردستان، وتی: ئەم چالاکییە تۆڕی شاخەوانی کوردستان ئەنجامی داوە لە ساڵڕۆژی دامەزرادنیدا، کە هاوکاتە بە ڕۆژی جیهانی شاخ، بۆیە بۆ هەردوو بۆنەکە پێمان خۆش بوو لەگەڵ سەرجەم گروپ و دەستە و ڕێکخراوەکانی سەر بە تۆڕی شاخەوانی کوردستان ئەم چالاکییە گەورەیە ئەنجام بدەین، کە تێیدا هەموو شاخەوانەکان ئامادەن، هەروەها لە چالاکییەکەدا هەموو ئەو وێنانەی لە کاتی گەشتە تایبەتەکانی شاخەوانی و گەشتە سەرکەشیەکاندا لەلایەن گروپ و دەستە تایبەتەکانی تۆڕی شاخەوانی کوردستان تۆمارکراون نمایشکران.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵێک چالاکی تەکنیکی لە کارگەی کولتوروی جگەرەکە نمایش دەکرێت، ساڵانە گرنگیەکی زۆر بە بواری شاخەوانی دەدرێت و لەگەڵیدا گرنگی بە ژینگەی کوردستان دەدرێت، هەرچەندە لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک کەس هەیە ژینگەی کوردستان پاک ڕاناگرن، بەڵام شاخەوانان لەگەڵ گەشتە شاخەوانیەکانیاندا گرنگییەکی زۆر بە پاک ڕاگرتنی ژینگە دەدەن و لەگەڵ خۆیاندا پیسی و خاشاکەکان پاکدەکەنەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: سەرەتایی شاخەوانی ژنان لە سلێمانییەوە سەری هەڵداوە، ئەویش لە سایەیی ژنێکی ڕۆژهەڵاتی بەناوی مامۆستا فەڕەح، کە گروپێکی شاخەوانی دروست کرد و لەو کاتەشەوە تا ئێستا بەردەوامن و ژنان پێشەنگن، هەروەها وەرزش بۆ تەواوی مرۆڤایەتی و بۆ پاک ڕاگرتن و بە ئاگا هێنانەوەی دڵ و دەروون پێویستە.