لە شەنگال تەرمی ٨ کەس لەناو داروپەردوودا دۆزرانەوە
دوێنێ ڕێکخراوی پاتریکۆر بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، تەرمی ٨ کەس و جلوبەرگی سەربازی لە ژێر داروپەردووی ماڵێک لە گوندی کانیرۆف، کە گوندێکی سەر بە شەنگالی سەر بە پارێزگای موسڵ دۆزراونەتەوە

ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ١٤ی ئایار، ڕێکخراوی پاتریکۆر بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، تەرمی ٨ کەس و جلوبەرگی سەربازی لە ژێر داروپەردووی ماڵێک لە گوندی کانیرۆف، کە گوندێکی سەر بە شەنگالی سەر بە پارێزگای موسڵ دۆزراونەتەوەو تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.
پاتریکۆر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی تیمی مەیدانی ڕێکخراوەکە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، تەرمی ٨ کەسیان دۆزیوەتەوە کە کڵاشینکۆف و نارنجۆکی دەستی و دەمانچە و پشتێنێکی تەقەمەنی و جلوبەرگی سەربازی و دەمانچە و کامێرایان پێبووە.
هەروەها ڕاگەیەندرا کە هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی کێنرۆفی دەستیان بەسەر سەرجەم ئەو کەلوپەلانەدا گرتووە کە دۆزراونەتەوە و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەوان قەوارەیەکی یاسایین و بەدواداچوون دەکەن و ڕێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر