لە شاری سلێمانی سیمینارێک بۆ پیاوان ڕێکخرا

لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکان بۆ ٨ی مارس، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان سیمینارێکیان بۆ پیاوان ڕێکخست.

ناوەندی هەواڵ

 

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوەندی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە شاری سلێمانی سیمینارێک بۆ پیاوان ڕێکخرا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە، تەوەری سیمینارە بریتی بوو لە بنەماکانی هاوژیانی ئازاد و توندوتیژیی و ڕوانگەی سیستمی دەسەڵاتداریی بەرامبەر ژنان.

 

سیمینارەکە لە لایەن ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی هاوژین زیبا، پێشکەشكرا و دەربارەی هاوژیانی ئازاد وتی" هەرکاتێک پیاوان توانییان ئەو گۆشە نیگایەی بۆ ژن هەیانە و ژن بە لاواز دەبینن، بیگۆڕن و بەهەمان شێوە ژنانیش گۆشەنیگای خۆیان بەرامبەر پیاو بگۆڕن، ئەوکات هاوژیانی ئازاد بەدی دێت".

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد " چەندە پێویستە ژن خۆی بناسێت و مێژووی خۆی بدۆزێتەوە، بەهەمان شێوە بۆ پیاوانیش گرنگە کە مێژووی خۆیان بناسن، بۆ ئەوەی بتوانن سیستمی دەسەڵاتداریی بناسن کە چۆن هەموو شتێکی بەخۆی بەخشیوە و ژنی بێبەش کردووە".

 

لە کۆتایی سیمینارەکەدا گفتوگۆی کراوە ئەنجامدرا لە نێوان ئامادەبوواندا.

 

ت.پ