لە شارەوانییەکانی مێردین و ئیلح و خەلفەتی قەیوم داندرا
دەوڵەتی تورکیا لە گەورە شارەوانی شاری مێردین، ئیلح و شارەوانی خەلفەتی لە باکووری کوردستان قەیومی دانا، گوڵستان سۆنوک، هاوسەرۆکی شارەوانی ئیلح وتی: ئەم دەسەڵاتە خراپەکارە قبوڵ ناکەین.
ناوەندی هەواڵ
بەرە بەیانی ئەمڕۆ ٤ی تشرینی دەووەم، وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی تورکیا لەگەورە شارەوانی مێردین لە ژێر بەڕێوەبەری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان، دەم پارتی قەیومی دانا، ئەمە لە کاتێکدایە پۆلیس لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا بینای شارەوانییەکەی گەمارۆداوە.
هەروەها بڕیاری دانانی قەیوم لەشوێنی ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین ڕاگەیەندرا.
لە بەردەوامی گەمارۆدانانی شارەوانییەکان لە لایەن پۆلیسی دەوڵەتی تورکیاوە لە شارەوانی ئیلح قەیوم داندرا و بینای شارەوانی لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدرا.
هەروەها لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا بینای شارەوانی خەلفەتی ڕەحا گەمارۆ دراو لەوێش قەیوم داندرا، هەروەها هاوسەرۆکی شارەوانی محەمەد قەرەیلان دەستبەسەر کرا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای سەرکەوتنی گەلی کورد لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان، پۆلیسی تورکیا هەڵیکوتایە سەر شارەوانی وان، کە بە بەرخۆدانی گەل نەتواندرا قەیوم دابنرێت و دواتر لە شارەوانی شاری جۆلەمێرگ قەیوم داندرا.
لەبەرامبەر دانانی قەیوم گوڵستان سۆنوک، هاوسەرۆکی شارەوانی ئیلح کاردانەوەی نیشانداو وتی: لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئاداردا بە دەنگی ژنان و گەنجان و گەلەکەمان هەڵبژێردراین و لە سایەی کاری گەلەکەماندا بە زۆرترین ڕێژەی لە سەرتاسەری تورکیادا هەڵبژێردراین، پێش ئەوەی ئاگادارییەک بنێردرێت، لە کاتژمێرەکانی زوودا هەڵیانکوتایە سەر شارەوانیمان. ئێمە هەرگیز ئەم دەسەڵاتە ساختەکارەمان قبوڵ نەکردووە و هەرگیز قبوڵی ناکەین، شارەوانییەکان هی گەلن.