لە ساڵێكدا ٣٠ ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی یەک ساڵدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٣٠ ژن کوژراون و ٢٣ ژنیش دەستگیر کراون و ١٥ ژنی دیكەش سزا دراون.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی کوردستان بە بۆنەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ماوەی ٢٥ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ تا ٢٥ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو ژن لەسێدارەدراون، ٣٠ ژن کوژراون کە لەو ژمارەیە پێنج کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵییەوە بووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، نۆ زیندانی سیاسیی ژنی کورد لە زیندانە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا زیندانییکراون و دوو کەسیان مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
باس لەوەشکراوە، هەر لە ماوەی ئەو ساڵەدا ٢٣ ژنی کورد لەبەر چالاکیی مەدەنی، فەرهەنگی، سیاسی، پیشەیی، بەشداریکردن لە گردبوونەوەی هێمنانە یان تەنانەت بەبێ ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتێکی دیاریکراو دەستگیر کراون.
هەر بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ١٥ ژنی کورد سزای وەک زیندانییکردن، لەسێدارەدان، دەرکردن لە پیشەکەی و خانەنشینکردنی زۆرەملێ، سزای دادوەری و ئیداریی بۆ دەرچووە.
لە كۆتایدا هاتووە، پێنج ژنی کورد کە پێشتر سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکانیان ڕەوانەی زیندانەکانی ورمێ و سنە کراون.