لە سێ ژن یەکێکیان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە جیهاندا لە سێ ژندا یەکێکیان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، بە گشتی نزیکەی ٧٣٦ ملیۆن ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و سێکسی بوونەتەوە، ئەوەش دەرکەوتووە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهۆی مانەوەی پیاوان لە ماڵاندا، توندوتیژییەکان بۆ سەر ژنان زیاتر بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سەرانسەری جیهاندا، توندوتیژییەکان بۆ سەر ژنان تادێت ڕوو لە هەڵکشان دەکات، بەپێی ئەو بەڵگانەی دەرکەوتووە، زۆرینەی ئەو ژنانە لەلایەن پیاوانی نزیک لە خۆیانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و سێکسی بوونەتەوە، ئەو هەوڵانەشی کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ساڵانی ٢٠٠٠ هەتا ٢٠١٨ داویانە، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرا کران.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ١٥٨ وڵاتی جیهاندا ژنانی گەورەتر لە ١٥ ساڵ ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، ئەمەش دەکاتە یەک لەسەر سێی ژنان، نزیکەی ٧٣٦ ملیۆن ژن لەلایەن پیاوانی نزیکی خۆیانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی خەستەیی و سێکسی بوونەتەوە.

 

لە سەروبەندی ڤایرۆسی کۆرۆنادا توندوتیژییەکان زیاتر بوون

لە کاتی ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و کەرەنتینەدا، توندوتیژییەکان زیاتر بوون و زیانی لە ملیۆنان ژن داوە، دۆخی ژنانیش بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خراپتر بوو، بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ٦٤١ ملیۆن ژن لەلایەن هاوژین، باوک و برایانەوە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە وڵاتانی باشوری ئاسیا و بیابانی ئەفریقا بە ڕێژەی ٪٣٣-٥١ ژنانی تەمەن ١٥-٤٩ ساڵ ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

 

هەر بە پێی ڕاپۆرتەکە لەو وڵاتانەی ڕێژەی توندوتیژییەکان لە کاتی ئاسایدا کەمە، لە سەروبەندی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە ئەوروپا ٪١٥، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ٪١٨ و لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاشدا بە ڕێژەی ٪٢٠ بەرز بووەتەوە.

 

ت.پ