لە عێراق ئامادەکاری بۆ پێدانی قەرز بە پڕۆژە بچووکەکانی ژنان دەکرێت
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق بە هاوکاری ئاژانسی ئەڵمانی بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی "GIZ" ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی “قەرزدانی گشتگیر” بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان کە لەلایەن ژنانەوە سەرپەرشتی دەکرێن.
ناوەندی هەواڵ
عەتور موسەوی، بەڕێوەبەری بەشی پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان لە وەزارەتى کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق سەبارەت بە پێدانى قەرز بە ژنان بۆ درووستکردنى پڕۆژە، بۆ میدیا عێراقییەکان ئاماژەی بەوەکردووە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق بە هاوکاری ئاژانسی ئەڵمانی بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی "GIZ" ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی “قەرزدانی گشتگیر” بۆ پاڵپشتیکردنی کارگە بچووک و مامناوەندەکان بە سەرپەرشتی ژنان.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئامانجی پڕۆژەکە بەهێزکردنی ژنانە لە ڕووی ئابووری و ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتنیان بە دارایی خۆیان، لەگەڵ گرنگیدان بە زاڵبوون بە سەر ئاستەنگە ئیدارییەکان و ئاسانکردنی ڕێکارەکان، هەروەها کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود بۆ ئەوەی لەگەڵ بارودۆخی ژیاندا بگونجێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ژنانی عێراق زۆرجار بەهۆى دابونەریتى کۆمەڵگەوە ڕووبەڕووبەى هەڕەشە و هەراسانکردن دەبنەوە لەکاتى کارکردندا، یان بۆ مەبەستى تایبەت لەلایەن پیاوانە بەکاردەهێنرێن، بۆیە لە کاتى بوونى پرۆژەى خۆیاندا پێدەچێت ئەم دیاردەیە کەم ببێتەوە، چونکە خۆیان سەرپەرشتى پڕۆژەکان دەکەن، نەک لای کەسێک کاربکەن و بەکاربهێنرێن.