لە قەندیلەوە بۆ شێخ مەقسود: هەر گولـلەیەک ڕوو لە ئێوە بێت، دڵی ئێمە لەم شاخانە دەپێکێت

لە دژی هێرش و گەمارۆکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، خەڵکی بناری قەندیل بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، پەیامی "یەکێتی چارەنووس"یان بەرزکردەوە.

قەندیل 

 

لە بناری شاخە سەرکەشەکانی قەندیل، کە هەمیشە وەک قەڵای بەرخۆدان ناسراوە، دوانیوەڕۆی ١١ی کانوونی دووەم، بە دەستپێشخەریی ئەنجومەنی ژنان، ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل و هاوسەرۆکایەتی شارەوانی، گردبوونەوەیەکی جەماوەری شکۆدار بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی ئەفسانەیی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەڵەب بەڕێوەچوو. لە گردبوونەوەکەدا کە بە دروشمی "خوێن و چارەنووسمان یەکە" و بە جۆش و خرۆشی نیشتمانییەوە دەستیپێکرد، بەشداربووان تووڕەیی خۆیان بەرامبەر بە داگیرکەران و چەتەکان نیشاندا.

 

"ئازاری شێخ مەقسود، برینی کراوەی هەموو کوردستانە"

لاڤان مستەفا، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل، وتارێکی پێشکەش کردو تیشکی خستە سەر دۆخی مرۆیی و بەرخۆدانی گەل لە ڕۆژئاوا وتی: ئەمڕۆ ئەو برینەی لە جەستەی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەیە، برینی کراوەی هەموو کوردستانە. ئەوەی لەوێ ڕوودەدات، درێژکراوەی هەمان عەقڵییەتی تاریکپەرستی داعشە کە ئەمڕۆ بە ناوی جیاواز و لەژێر پەردەی 'ئەحمەد شەرع' و چەتەکانیدا، پەلاماری ژن و منداڵ و بەها پیرۆزەکانی مرۆڤایەتی دەدەن.

 

لاڤان مستەفا بە توندی بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شەرمەزار کرد و وتی: "بێدەنگی جیهان بەرامبەر بەم تاوانانە، شەرمەزارییەکی مێژووییە. ئەوان لەپێناو بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان چاو لە ئاست خوێنی منداڵانی کورد دەپۆشن و ئەمەش بەشداریکردنە لەو تاوانەدا.

 

"سنوورەکان تەنها وایەری دڕکاویین"

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەیامی یەکێتی ئاڕاستەی بەرخۆدێرانی حەڵەب کرد و وتی: گوێ بگرن.. ئەمە دەنگی قەندیلە، بەڵام لێدانی دڵی ئێوەیە. ئێوە تەنها نین؛ هەر گوللەیەک ڕوو لە ئێوە دەنرێت، جەستەی ئێمە لە قەندیل دەپێکێت. سنوورەکان تەنها وایەری دڕکاویین و ناتوانن ڕۆحی یەکگرتووی ئێمە پارچە بکەن. قەندیل شێخ مەقسودە و شێخ مەقسود قەندیلە.

 

بانگەواز بۆ یەکێتی و پاراستنی دەستکەوتەکان

لە کۆتایی گردبوونەوەکەدا، بانگەواز ئاڕاستەی سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکان کرا کە لەم قۆناغە هەستیارەدا ناکۆکییەکان وەلا بنێن و هەمووان ببنە قەڵغان بۆ پاراستنی گەل لە ڕۆژئاوا. بەشداربووان بەڵێنیان دووپاتکردەوە کە تاریکیی چەتەکان هەرگیز ناتوانێت بەسەر ڕووناکی بەرخۆدانی گەل و ئیرادەی ژنی ئازاددا سەربکەوێت.

 

چالاکییەکە بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی شێخ مەقسود" و "مەرگ بۆ داگیرکەران" کۆتایی هات.