لە قامیشلۆ شەتڵگەی هەڤرین خەڵەف کرایەوە
لە قامیشلۆ بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی پاراستنی دارستان، شەتڵگەی هەڤرین خەڵەفی کردەوە.
قامیشلۆ
لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چەندین ڕووداوی دڕندانە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدرا، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩داهەڤرین خەڵەف، سکرتێری گشتی حزبی سوریای داهاتوو، لە بۆسەیەکدا شەهید بوو، بە بۆنەی ڕۆژی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان لە شاری قامیشلۆ و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی دارستان، شەتڵگەی هەڤرین خەڵەفی کردەوە.
"ئامانجی کردنەوەی شەتڵگەکە پیرۆزکردنی بەرخۆدانی ژنانە"
نیسرین خەلیل، هاوسەرۆکی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری کانتۆنی قامیشلو ڕایگەیاند، کە کردنەوەی شەتڵگەکە بۆ پیرۆزکردنی بەرخۆدانی ژنانە و وتی: "بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ٨ی ئادار و ئەو ڕیزە چالاکییانەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئەمڕۆ شەتڵگەی هەڤرین خەڵەف لە شاری ئامیشلۆ و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کرایەوە، ئەم پڕۆژەیە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی دارستانەوە بەڕێوەچوو سێ مانگ ئامادەکاری بۆ کراوەو ئامانجمان لە ناونانی ئەم شەتڵگەیە بە ناوی هەڤرین خەڵەف بەخشینی بەهایەکی پیرۆزە بە شەتڵگەکە و بەبیرهێنانەوەی بەرخۆدانی هەڤرینە بە هەموو ژنان، نزیکەی ٩ هەزار نەمامی تێدایەو سوپاسی کەسوکاری شەهیدان و بەتایبەتی بنەماڵەی شەهید هەڤرین دەکەین و ڕۆژی جیهانی ژنان لەوان پیرۆز دەکەین".
سوعاد مستەفای دایکی هەڤرین خەڵەف خۆشحاڵی و شانازیی خۆی بۆ ئەم ڕۆژە دەربڕی و وتی: "٨ی ئادار لە ئەندازیارانی ئازادی و ڕوناکی گەل و ژنانی ستەمدیدەو ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەم کە پێشەنگی ئەم ڕێبازەی ئازادیە، ئەم ڕۆژە بە سایەی بەرخۆدانی ژنان هاتووەتە دی و ئەم شەتڵگەیە بە ناوی هەڤرین خەلەف دەکرێتەوە، چونکە کاتێک بوو بە وەزیری ئابووری دەیویست ئەم ناوچەیە پەرە پێبدات بۆ ئەوەی بە دوژمن بسەلمێنێت کە ژنان خۆڕاگر و ئابووری و جەنگاوەر و سیاسەتمەدارن با دوژمن باش بزانێت کە ژنان بە ئامانجی خۆیان دەگەن، ژنان بە ئەردۆغان دەڵێن کە ئەمە خاکی ئێمەیە و ئێمەین کە ئەم خاکە دەپارێزین من ئێستا لە شەتڵگەی هەڤرینم، دەنگم بۆ هەموو ژنانی جیهان دەنێرم و دەڵێم جەژنی ٨ی ئادار لە ئێوە پیرۆز بێت".