لە قامیشلۆ میکانیزمی کاری ئەنجومەنی ژنانی سووریا ڕوونکرایەوە

کۆبوونەوەی گشتی ژنانی ڕێکخراو و تەڤگەرەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و تێگەیشتن لە میکانیزمی کارکردنی ئەنجومەنەکە بە وردی، بە ئامانجی ڕوونکردنەوەی ڕێسا ناوخۆییەکانی ئەنجومەنی ژنانی سووریا بەڕێوەچوو.

قامیشلۆ

 

ئەمڕۆ ٢٨ی تەمووز، ئەنجومەنی ژنانی سووریا پەروەردەی ڕێکخست بۆ ناساندن و ڕوونکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنەکە و قسەکردن لەسەر دەرئەنجامەکانی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان و خۆبەڕێوەبردن دامەزراوەکانی شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کەسایەتییە سەربەخۆکان و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی ناوچەکە.

 

ئەنجوومەنی ژنانی سووریا بە بەردەوامی کار لەسەر پرسە گرنگەکان دەکات، لەوانەش بەتواناکردنی ژنان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دانوستان و داڕشتنی دەستووری نوێی سووریا، بۆ ئەوەی مافەکانیان لە هەموو بوارەکاندا دەستەبەر بکرێت، ئەمە جگە لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی، کۆنەپەرستی، و هەڵاواردن لە دژی ژنان, کارکردن بۆ هۆشیارکردنەوە و بەهێزکردنی ژنانی گەنج لە کۆمەڵگە و گەیشتن بە سیستمێکی خۆبەڕێوەبەری لە سووریا و ڕێکخستن و پەروەردەکردنی ژنان و گەیشتن بە ژیانێکی یەکسانی و ئازادی نێوان ڕەگەزەکان.\

 

مونا یوسف، بەڕێوەبەری نووسینگەی جزیرەی ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە میانی وتارێکدا بۆ ڕوونکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی ژنانی سووریا، داوای لە هەموو ژنان کرد ڕیزەکانیان یەکبخەن بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان.

 

وتیشی: بڕیارماندا وتارەکانی پێشەکی لەسەر ئەوە بدەین کە ئەنجومەنی ژنانی سووریا چییە و ئەو هەموارکردنانەش ڕوون بکەینەوە کە هاتە بەردەم پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن، لە هەموو ناوەندەکانمان لەو شار و شارۆچکانەی کە ناوەندی ئەنجومەنیان تێدایە، لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئێستا سێ ڕێکخەر بۆ ئەنجومەنی ژنان هەیە دوای ئەوەی یەک ڕێکخەر هەبووە، و لیژنەیەکی دیکەش زیادکراوە، کە لیژنەی ژنانی گەنجە لیژنەی یاسایی چالاک کراوەتەوە، جگە لە چەندین خاڵ ئێمەش دەرئەنجامی یەکەمین کۆبوونەوەی گشتیمان ڕوونکردەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان پەرەی پێبدرێتەوە و پرسی ژنان بە بەردەوامی بخرێتە سەر مێزەکان بۆ چالاککردنی ڕۆڵی ژنان و بەشداریکردنیان لە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان و تۆڕکردن لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیاری.