ڕووبا محەمەد: دوای ٣٨ ساڵ کیمیاباران هەڵەبجە شایەنی بەبیرهێنانەوە نییە؟

٣٨ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەو جینۆسایدی گەلی کورد، لە ئەمرۆداو سەرەڕای نەبوونی چالاکییەکی فەرمی، هاوڵاتیان نایانەوێت بەبیرهێنانەوەکە کاڵ بکرێتەوە بەهەڵمەتی نەمام ناشتن بەشدارن و رەخنە دەگرن لەوەی وەک پێویست ئەم کارەساتە بەبیرناهێندرێتەوە

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-ئەمڕۆ ١٦ی ئادار، ٣٨ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کیمیابرانکردنی هەڵەبجە لە باشووری کوردستان، کە تێیدا پێنج هەزار کەس بوونە قوربانی، زیاتر لە ١٠ هەزار هاوڵاتی بریندار بوون تاوەکو ئێستاش شوێنەواری کیمیایی لەخاکەکەدا بەدی دەکرێت، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە مەراسیم و چالاکی جیاواز ئەمڕۆژە بەبیردەهێندرایەوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ وەک دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە ئاشکرایکرد، بەهۆی نالەباری ڕەوشی ناوچەکە ئەمساڵ هیچ مەراسیمیكی فەرمی بۆ بەبیرهێنانەوە بەڕێوەناچێت، ئەمەش کاردانەوەی هاوڵاتیان و کەسوکاری شەهیدانی لێکەوتووەتەوە.

 

ڕووبا محەمەد حەمە سەلیم، ئەندامی دەستەی باڵای کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ماوەی ٢٨ ساڵە بە خۆبەخشی لەکۆمەڵەکەدا کار دەکات خزمەت بە کەسوکاری شەهیدان و قوربانیان دەکات، قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"ئەگەر ٣٨ ساڵ هەر ساڵێک پرۆژەیەک بکرایە ئیستا هەڵەبجە ئاوەدان بوو"

 سەبارەت بە بارودۆخی کەسوکاری شەهیدان و قوربانایان و برینداران ڕووبا محەمەد وتی: لەیادی هەڵەبجەدا هەرچەندە بەهۆی ئەم گرژی و ئاڵۆزیانەی ئەم ماوەیە هەموو جیهانی گرتۆتەوە یادەکە ناکرێت، بەڵام کۆمەڵێک پرۆژە هەیە کە دەکرێت وەک سەوزکردنی ژینگە جوانترین پرۆژەیەو بریا ٣٨ ساڵە هەر ساڵەی پرۆژەیەکی لەم شێوەیە بکرایە و ئێستا هەڵەبجە خاوەنی ژینگەیەکی تایبەت دەبوو، خاوەنی ئاوەدانی و گەشانەوەی تایبەت بوو.

 

"بەرپرسان هەولی کاڵکردنەوەی یادەکە دەدەن"

رووبا گلەیی لە دەسەڵاتی خۆجێی شارەکە هەیەو وتی: هەرگیز وەک پێویست  خزمەت بە هەڵەبجە نەکراوە و ساڵ بەساڵ گڕوتین بۆ یادەکە نامێنێت، لەبری ئەوەی یادەکە گرنگی پێبدرێت تا برینی خەڵک ساڕێژ بکرێت، تاوەکو ئێستا ئیدارەو بەرپرسی شارەکە بەهیچ شێوەیەک یادەکە ناکەنەوەو نازانین بۆ هۆکارەکەی چییە ئایا هەڵەبجە شایەنی نییە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە تاوەکو ئیستا خەمساردن لەئاست برینداران و کەسوکاریان ئیستاش بریندارەکان بە ئازارەوە دەناڵێنن و هەندێک شتی سەرەتایی دەکرێت بەڵام وەک  پێویست نییە، ئەگەر هەر بەرپرسێک یەک شەو لەگەڵ بریندارانیان بەڕێ بکردایە دەیانزانی بارو گوزەرانیان چۆنە، ئێمە چونک زوو زوو سەردان دەکەین بارودۆخیان دەزانین و ئەگەر منداڵی بەرپرسان بوایە ئەوە دەیان نەخۆشخانەو دەرەوەی وڵاتیان دەکرد، بەڵام بۆ ئێمە بە ڕەوای نازانن چارەسەری سەرەتایی بکرێن، نازانین نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمایی کاری چییە؟ خزمەت بە کەسوکاری شەهیدان ناکات، هیوادارین لێپرسیەنەوە بکرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران، هەندیک لە بریندارەکان لە ئێستادا باری تەندروستیان تەواو تێکچووە، چونکە سەردانی دەرەوەی هەرێمیان دەکردو سەردانی ولاتی ئێرانیان دەکرد، کە لە گیرفانی خۆیان زەرعی قەرەنی چاو دەکران، بەڵام ئێستا ئێران شێوەواو چارەیەک نییە نازانین چی بکەین.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا رووبا محەمەد وتی : بریا ٣٨ ساڵە حکومەتی هەرێم، ئێرانی بەچارەسەر نەزانیایەو هەوڵی بدایە تیمێکی پزیشکی ڕاهیندراو لە وڵاتان  بهێنایەو لێرە سەنتەریکی دابنایەو چارەسەری یەکجاری بکردایە، کەسوکاری شەهیدان خاوەنی یەک مووچەن و جیاوازی نەکراوە، دەبێت حکومەت هەستی بە بەرپرسیاریەتی بکردایە، نەوەک بە داواکاری و لە ٣٨ ساڵدا داواکاری بەرز دەکەینەوە و هیچ داوایەکمان جێبەجێ نەکراوە.