لە قامیشلۆ بۆ ڕۆژی زمانی دایک وۆرکشۆپێک بەڕێوەچوو

لە لایەن زانکۆی ڕۆژئاوا بەبۆنەی ٢١ی شوبات، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، وۆرکشۆپێک بە دروشمی "شەرمی گەورە ئەوەیە کە مرۆڤ زمانی خۆی نەزانێت" وۆرکشۆپێکی ڕێکخست.

قامیشلۆ

 

زانکۆی ڕۆژئاوا لە شاری قامیشلۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە بۆنەی ٢١ی شوبات، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە هۆڵی زانکۆ، وۆرکشۆپێکی بە دروشمی "شەرمی گەورە ئەوەیە کە مرۆڤ زمانی دایکی نەزانێت" ڕێکخست، ئەندامانی دەستەی پەروەردەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەندامانی پەیمانگەی زمانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان و مامۆستایان و خوێندکاران بەشدارییان لە وۆرکشۆپەکەدا کرد.

 

وۆرکشۆپەکە لەسەر سێ تەوەری وەک گرنگی پەروەردەی زمانی دایک و پڕۆسەی زمانی کوردی لەڕۆژئاوای کوردستان لەسەرەتای شۆڕشەوە تا ئەمڕۆ و بارودۆخی زمانی کوردی لەهەموو بەشەکانی کوردستان و ئاستەنگ و گرفتەکانی خوێندنی زمانی کوردی لەزانکۆکانی ڕۆژئاوا و کۆبانێ، گفتوگۆگرا.

 

بەشداربووان سەبارەت بە گرنگیی پیشخستنی زمانی دایک و شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای سیستمی نەتەوەیی دیموکراتی کە هەموو گەل و پێکهاتەکان لەباوەش دەگرێت  لەگەڵ پێشکەوتنی شۆڕشی زماندا بیروڕای خۆیان هاوبەش کرد.

 

"شۆڕشی ڕۆژئاوا بووە بناغەی شۆڕشی زمان"

مامۆستا گوڵ حەسەن، ئەندامی پەیمانگەی زمانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان، گرنگیی زمانی لە شۆڕشەکەدا بەو شێوەیە هەڵسەنگاند: "سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی زمان بوو، ئێمە لە یەکەم جاردا بە پێی هەلی خۆمان خوێندنگامان دەکردنەوە و یەکەم خوێندنگامان لە شاری عەفرین بە ناوی ڕەمزی سلێمان بوو، هەروەها دامەزراوەکانی زمانی کوردی لەسەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستان دامەزران، ئەم شۆڕشە کاریگەری لەسەر ئێمە هەبوو بۆ ئەوەی بتوانین دامەزراوەی زمان لە حەلەب و شام دابمەزرێنین، دەوڵەت لە هەنگاوی یەکەمدا دەرگەی خوێندنگەی داخست بۆ ئەوەی ئێمە بە زمانی دایکمان پەروەردە نەبین، بەڵام لە ئەنجامی خەبات و بەرخودانی گەلی کورد توانیمان قوتابخانە بکەینەوە و نەوەکانمان بە زمان و مێژووی خۆمان پەروەردە بکەین، ئەمڕۆ بە چەندین ساڵ کارکردن توانیمان زانکۆیەکی کوردی بکەینەوە و گەنجەکانمان بە مێژوو و کەلتووری خۆیان پەروەردە بکەین".

 

ئاواز سلێمان، جێگری زانکۆی ڕۆژئاوا سەبارەت بە وۆرکشۆپەکە ڕای خۆی خستەڕوو و وتی: "ئێمە ڕۆژی زمانی دایک لە هەموو خەڵک پیرۆز دەکەین، وۆرکشۆپەکە لەسەر بنەمای گرنگی زمانی دایک لە زانکۆکان ڕێکخرا، ئەو پێشکەوتن و ئاستەنگانەی کەڕوودەدەن تاوتوێکران هیوادارین ئەم وۆرکشۆپە ببێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی زمانەکەمان هەنگاوێکی گەورە بنێت".

 

بە سیستەمی نەتەوەیی دیموکراتی کلتوور و زمان دەپارێزرێن

گوڵناز ئەحمەد، مامۆستای زانکۆی ڕۆژئاوای کوردستان، بۆچوونی خۆی بۆ ڕۆژی جیهانی زمانی دایک خستەڕوو و وتی: "هەموو گەل و نەتەوەیەک زمانی خۆی هەیە، زمان بوونی مرۆڤە، ئێمە وەک گەل لە چەند سەردەمێکدا بووین کە کۆمەڵگە بە شێوازی جیاواز توانیویەتی زمانەکەی بپارێزێت، بەڵام ئەو پاراستنە لە ڕووی زانستەوە نەکراوە و چەندین زمان قڕکراون و لەناوچوون، لە سەردەمی ئێستادا دەوڵەت- نەتەوە ڕێگە لە زمانی دایک دەگرێت و تێگەیشتنی یەک زمان دەسەپێنێت تێگەیشتنی یەک زمان بریتییە لە تێگەیشتنی ڕەگەزپەرستی، وەک گەلی کورد مافی زمانمان نەبوو تەنانەت لە سوریا و ئێران و تورکیاش قەدەغە بوو بە زمانی خۆت قسە بکەی، لەبەر ئەوە ئێمە ڕووبەڕووی پاشخستن بووینەوە، بەڵام دایکانمان توانیان زمانەکەمان بپارێزن، بە سیستمی نەتەوەیی دیموکراتیک هەموو ئەو گەلانەی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەژین توانیویانە زمان و کلتوری خۆیان هەبێت، ئێستا هەموو نەتەوە بە ڕەنگ و دەنگ و زمانەوە جێگەی خۆی لە شۆڕشدا دەگرێت، لەگەڵ شۆڕشدا زمانی شۆڕشەکەش پێک هات و زمانەکەمان لە ڕووی زانستییەوە بەهێز بوو بیرۆکەی نەتەوەیی دیموکراتی بیرۆکەی چارەسەرە".