لە قامشلۆ و حەسەکە دەربارەی هێرشەکانی سەر کاروانی گرێ سپی ڕاگەیەندراو دەرکرا

بەهۆی هێرشەکانی سەر کاروانی گرێ سپی، ئینسیاتیڤی گەل لە قامشلۆ و ئەنجومەنی خێزانەکانی شەهیدان لە حەسەکە ڕاگەیەندراویان دەرکرد و پێش خوێندنەوەی ڕاگەیەندراوەکە، سروودی «ئەی ڕەقیب»یان خوێند.

ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەیەکی زۆر لەو خێزانانەی ساڵی ٢٠١٩ لە گڕێ سپییەوە ئاوارەی ڕەقە بوون، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمدا، دوێنێ نزیکەی ١٠٠ خێزان گەڕانەوە سەر زێدی خۆیان. هاووڵاتییە کوردە گەڕاوەکان، ڕووبەڕووی هێرشی دڕندانەی چەکدارەکان بوونەوە؛ لەم هێرشانەدا ئۆتۆمبێلەکانیان ڕاگیرا و چەندین کاتژمێر لە ژێر گەمارۆدا مانەوە.

 

لە دژی ئەم تاوان و پێشێلکارییانە، ئەمڕۆ ئینسیاتیڤی گەل لەبەردەم بینای کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و خۆپیشاندانێکی بەڕێوە برد. بە هەمان شێوە، لە حەسەکەش ئەنجومەنی خێزانەکانی شەهیدان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

 

ڕاگەیەندراوەکە بە ناوی ئینسیاتیڤی گەل، بە زمانی کوردی لەلایەن ڕۆژین موسێ و بە زمانی عەرەبی لەلایەن ئیبتیسام حوسێنەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو:

 

«ئێمە بە توندی هێرشەکانی دژی ئەو کەسانە مەحکوم دەکەین کە لە گوندەکانی دەوروبەری ڕەقەوە دەگەڕێنەوە شاری گڕێ سپی. ناڕەزایەتیی خۆمان بەرامبەر بەو کردارە دەردەبڕین کە ئەمنیەت، کەرامەت و مافی ڕەوای ئەوان بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان و ژیانکردن لە ژینگەیەکی ئارام و ئاسودەدا پێشێل دەکات.

 

دەبێت ڕێ لە هێرشەکانی لەم جۆرە بگیرێت

ئامانجگرتن و ترساندنی ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و دژایەتیی بنەما و بەها مرۆییەکانە. هەر کەسێک مافی ژیانکردن بە ئەمنیەت و کەرامەتەوە هەیە. هەروەها مافی پاراستنی شوێن و زێدی خۆی دەبێت بپارێزرێت و مسۆگەر بکرێت.

 

هێرشەکانی لەم جۆرە تەنها ئەمنیەتی ئەو کەسانە ناخرێتە مەترسییەوە کە دەگەڕێنەوە، بەڵکو مەترسی بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتیش دروست دەکات و ئازاری ئەو کەسانە زیاتر دەکات کە دەیانەوێت ژیانی خۆیان لە نوێوە بنیاد بنێنەوە و لە ناوچەکانی خۆیاندا ئارامی بدۆزنەوە.

 

دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی جدی و ڕوون دەست پێ بکات

بۆیە، ئێمە بانگ لە دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار دەکەین کە بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، دەستبەجێ ڕێ لەم هێرشانە بگرن و پاراستنی پێویست بۆ کەسانی گەڕاوە دابین بکەن. هەروەها دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی جدی و ڕوون دەست پێ بکات، بۆ ئەوەی بەرپرسان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ڕێ لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە بگیرێت. ئەمە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و مافەکانیان زۆر گرنگە.

 

ئەمنیەت مافی هەمووانە

مافی گەڕانەوە بە ئەمنیەتەوە مافێکی بنەڕەتییە و دەبێت بپارێزرێت. ئارامیی ڕاستەقینە تەنها بە ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ، پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی، دابینکردنی دادپەروەری و مسۆگەرکردنی لێپرسینەوە بەدەست دێت.

 

ئەمنیەت مافی هەمووانە و گەڕانەوە بۆ ماڵ دەبێت ببێتە دەستپێکی ئارامی، نەک سەرچاوەی ترس و ئازارێکی نوێ. گەڕانەوەی سەلامەت بەبێ پاراستن مەمکین نییە و دادپەروەریش بەبێ لێپرسینەوە بنیاد نانرێت.