لە قەڵادزێ ژمارەیەک مامۆستای وانەبێژ گردبوونەوە

دەستەی مامۆستایانی وانەبێژان لە پشدەر، لە شارۆچکەی قەڵادزێ، کە بەوتەى خۆیان ناویان لە ناو لیستی مامۆستایانی وانەبێژدا دەرهێندراوە و نەکراون بە گرێبەست گردبووەنەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٢٩ی ئاب، دەستەی مامۆستایانی وانەبێژان لە پشدەر لە شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، لە دژی دەرهێنانی ناوەکانیان لە لیستی وانەبێژندا و هەژمار نەکردنیان بە گرێبەست لە دوای چەندین ساڵ خزمەت بە کەرتی پەروەردە لە بەردەوەم بەڕێوەبەرایەتی پشدەر گردبوونەوە.

 

مامۆستایان داواکارن لە سەرۆکی حکومەت و وەزیری پەروەردە هەرچی زووترە بەدەم داوکارییەکەیانەوە بێن، وتیان: بە هۆی ئەوەی کە ئێمە ژمارەمان کەمە و ڕەنجی چەند ساڵەی خزمەتمان لە بەرچاو بگیرێت، هەروەها جارێکیتر لەسەر ناوی وانەبێژی نەچینەوە ناو هۆڵەکانی خوێندن، بەڵکو لەگەڵ مامۆستایانی هاوڕێماندا وەک مامۆستای گرێبەست بچینەوە هۆڵەکانی خوێندن.

 

ئاماژەیان بەوەکرد، لە ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ بە هۆکاری پشووی فەرمی لە ڕۆژانی شەممە، ڕێکخستنەوەی میلاکات و کەمکردنەوەی پشکەکان کۆمەڵێک مامۆستا و وانەبێژی بەخشراو بەبێ ویستی خۆیان لەلایەن پەروەردەکانەوە بەخشران، بە بەڵێنی ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا پەیوەندییان پێوە دەکەیەوە و دەگەڕێنەوە سەرکارەکانیان، بەڵام تا ئێستا نەکراوە.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، بە وتەی خۆیان ئەو مامۆستا وانەبێژە بەخشراوانە ژمارەیان لە هەموو کوردستاندا نزیکەی هەزارو ٥٠٠ مامۆستای وانەبێژ دەبێت و لە شارۆچکەی قەڵادزێش زیاتر لە ١٠٠ مامۆستای بەخشراون.