لە پێوەرەکانی ژنان، ئاشتی و ئاسایشدا تورکیا لە پلەی ١٠٦دایە
تورکیا لە پێوەرەکانی ژنان و ئاشتی و ئاسایشی ساڵی ٢٠٢٥و ٢٠٢٦ دا پلەی ١٠٦ی بەدەستهێناوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئاستەنگە بەردەوامەکانی پەروەردە و بەشداری ئابووری و سیاسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٥/٢٦ی پەیمانگای زانکۆی جۆرج تاون بۆ ژنان و ئاشتی و ئاسایش و پەیمانگای توێژینەوەی ئاشتی ئۆسلۆ، تورکیا لە پلەی ١٠٦دایە لە کۆی ١٨١ وڵات و لەڕووی مافە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنانەوە لە تێکڕای یەکێتی ئەوروپا دواکەوتووە.
ئەم پێوەرە کە بە بەکارهێنانی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی نێودەوڵەتی کۆکراوەتەوە و پێوانەکردنی باری ئابووری ژنان، دەستڕاگەیشتن بە خوێندن، نوێنەرایەتی سیاسی، دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و ئاسایشە.
”داتاکان لە خوار تێکڕای جیهانییەوەن”
دانیمارک پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، ئەفغانستانیش پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، تورکیا لە ژێر تێکڕای یەکێتی ئەوروپادا مایەوە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندنی ژنان لە تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا، تێکڕای ژمارەی خوێندن تەنها هەشت ساڵە.
ئەم باشتربوونە بە شێوەیەکی گونجاو لە بازاڕی کاردا ڕەنگدانەوەی نەبووە، کە بەشداری ژنان لە هێزی کاردا لە ٣٩.٦٪دایە، کە لە خوار تێکڕای ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری ”OECD”ەوەیە، پێدەچێت ئەم ژمارەیە زیاتر بێت کاتێک دامەزراندنی نافەرمی لەخۆ بگرێت، دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکانی ژنان گەیشتە ٦٢.٥٪، لەکاتێکدا نوێنەرایەتیان لە پەرلەمان لە ١٩.٩٪تێنەپەڕاند، کە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمترە لە تێکڕای جیهانی، کە ئەمەش گوزارشتە لە لاوازی بەشداری سیاسی.
”ڕەنگە ژمارە ڕاستەقینەکان زیاتر بن”
لە بواری دادپەروەریدا یاسادانان تاڕادەیەک بەهێزە، بەڵام جێبەجێکردنی بەدەست کێشەوە دەناڵێنێت، نەبوونی جیاکاری یاسایی بە ڕێژەی ٨٢.٥٪ تۆمار کراوە، ئەزموونی ژنان لە توندوتیژی لەلایەن هاوبەش بە ڕێژەی ١٢.١٪ ڕاپۆرت کراوە، بەڵام ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردەوە کە ئەم ڕێژەیە تەنها لەسەر بنەمای ڕاپۆرتە فەرمییەکانە، واتە ڕەنگە ڕێژەی ڕاستەقینە زیاتر بێت.
ڕاپۆرتی بەدواداچوونی پێوەرەکانی ژنان، ئاشتی و ئاسایش لە ساڵی ٢٠٢٥دا پشتڕاستی دەکاتەوە، کە ململانێکان و قەیرانەکان بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەرییان لەسەر ژنان و منداڵانی کچ هەیە، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەشداریکردنی یەکسان و کاریگەرانەی ژنان لە پرۆسەکانی بڕیاردانی سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا، ئاشتی و سەقامگیری بەرەوپێش دەبات.