"لە پرۆسەی بە کولتوور کردن و کۆمەڵایەتی کردن زمانی دایک زۆر ڕۆڵ دەبینێت"

بێخاڵ ئەبوبەکر، خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی سلێمانی دەڵێت: دەوڵەتانی دراوسێ بۆ سڕینەوەی زمانی کوردو نەتەوەی کورد بەردەوام لە جینۆسایدکردنی کوردان، خێزان و دایک و باوک چەند گرنگی بە زمانی کوردی دەدەن و تا چەند بە پیرۆز سەیری دەکەن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ زمان لە سەرتاسەری جیهاندا گرنگی و تایبەتی خۆی هەیە بۆیە  لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕۆژێک دانراوە و تایبەتکراوە بە زمانی دایک، زمانی کوردی یەکەم پرۆسەی زمانپژانی زمانی دایکی گەلی کوردە، یەکەم پەیوەندیمانە لەگەڵ دنیای دەرەوە، لەو کاتەی ئێمە بە پرۆسەی کۆمەڵایەتی بوونمان و نایسنی کولتوورمان دەڕۆین، زمان هەر چەن وشەیەک نییە کە قسەی پێدەکەین بەڵکو لە کاتی قسەکردنمان هەستەکان و ناخمان دەردەبرین و بیرو باوەرەکانمان و ئایدیاکانمان دەگۆرینەوە، جیهانبینی خۆمان دەردەبرین، زمان ژمارەیەکی زۆر ئەرکی کۆمەڵایەتی هەیە، کە سڵاو لە یەکتر دەکەین، یاخود ماڵئاوایی، یاخود دانوستان و دیبەت یاخود وتاری سیاسی و هەڵمەتی هەڵبژاردن بەرێوە بەرین، هەمووی پێویستی بە زمان هەیە، کەواتە زمان تەنها گوزارشت لە ناخی خۆمانی پێ ناکەین، دەتوانین بڵێین زمان بوونمانە، ناسنامەمانە، بیرو باوەر و کولتوور و  مەراسیمەکانمانە.

 

٢١ی شوبات رۆژی جیهانی زمانی دایکە، ئەوەش چیرۆکێکی تایبەتی خۆی هەیە کە کۆمەڵێک خوێندکاری بەلگاری دەیانویست بە زمانی دایک بخوێنن بەداخەوە لە خۆپیشاندانەکاندا تیرۆریان بەرامبەر ئەنجام دراو رێگەیان پێ نەدرا بە زمانی دایک بخوێنن، ئێستاش ئاشکرایە کە یەکێک لە هۆکارەکانی چەوساندنەوە ئەوەیە کە نە‌هێڵیت کەسێک بە زمانی دایک قسەبکات یان بخوێنێت، ئەوانەی کە کولتووری باڵا دەست بوون یان هەژموونیان هەبووە بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا وەک بڵێی کلیلیان دۆزیوەتەوە چونکە تۆ کە کەسێک داببڕیت لە زمانەکەی ئەوا دایدەبڕیت لە نەتەوە و ناسنامەی کولتوورەکەی، چونکە هەموو شتێکمان بە زمانی دایکمانە ئەگەر لە زمانی دایکمان داببرێین، دیوارێکی گەورە لە نیوان ئێمەو کولتوورەکەماندا دروست دەبێت.

 

" بەشی زمانی کوردی گرنگییەکی زۆر دەدەن بە زمانی دایک"

بێخاڵ ئەبوبەکر، خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی سلێمانی وتی: ئەوەی کە من تێبینی دەکەم دیار ە لە نێوان خوێندکارانی زانکۆدا هەموویان وەک یەک نییە و دەکەوێتە سەر بەشەکان، بەشی زمانی کوردی گرنگییەکی زۆر دەدەن بە زمانی دایک و من زیاتر زانیاریم دەربارەی بەشەکەی خۆم هەیە کە زمانی ئینگلێزیە و خوێنکارانی ئێمە ئەم بابەتەیان فەرامۆش نەکردووە، هەرچەندە خوێندەکەیان زیاتر لە کولتووری بیانیدا قوڵ دەبنەوە چونکە بەشی ئینگلیزییە، زیاتر هۆنراوەو ئەدەبیاتی ئینگلیزی دەخوێنن،بەڵام ئێمە وەکو مامۆستە هەمیشە هانیان دەدەین  کە ئەم لایەنەش فەرامۆش نەکەن چونکە ئەگەر تۆ بتەوێت زمانی دووەم فێر بیت دەبێت زۆر بە باشی زمانی دایک بزانیت و بەکاری بهێنیت و قوڵ ببیتەوە تێیدا، چونکە تۆ کاتێک دەتەوێت ببیت بە وەرگێر ئەگەر هۆنراوەیەک ڤێربیت وشەیەک، لە زمانی ئینگلیزیدا نەزانیت بەرامبەرەکەی چییە لە زمانی کوردیدا، ناتوانیت وەرگێرانێکی وشە بە وشەی بۆ بکەیت، کاتێک وەریدەگێریت دەکەویتە هەڵەی زۆر گەورەوە ئێمە کاتێک لە زمانی دایک شارەزا نەبین ، ناتوانین لە کولتووری وڵاتانی دیکە شارەزا ببین، لەبەر ئەوە ئێمە هانیان دەدەین و ئەوەنەی  من تێبینی دەکەم زانکۆ حکومییەکان باشترە لەو رووەوە ،رەنگە زانکۆ ئەهلییەکان هەندێکیان و ئەوانەی بە تەواوی زمانی خوێندنیان  ئینگلیزییە کەمتر لەم بوارەدا قاڵ ببنەوە هەرچەندە بە پێی بریاری وەزارەتی خوێندنی باڵا وانەیەکمان هەیە لە قۆناغی یەکدا وانەی کوردۆلۆجی، بەڵام بە داخەوە تەنها یەک سێمستەر دەخوێندرێت و دوو سێ مانگ و تەنها چەند وانەیەکە، دەبێت لێرەوە ئێمە فێریان بکەین کە زمانی کوردییان لا شیرین بکەین و هەتا ئەو پسپۆریانەشی کە بە زمانی کوردی نییە پێویستیانە چونکە لە کۆمەڵگەی کوردیدان و مامەڵە لەگەڵ کورددا دەکەن، کاتێک کەسێک دەبێت بە ئەندازیار و پزیشک و پارێزەر، لەگەڵ کورددا مامەڵە دەکات، بۆیە ئێمە پێویستمانە.

 

"زمانی ئێمە زۆر دەوڵەمەندە و ئەگەر زیاتری نەبێت کەمتر نییە لە زمانەکانی دیکە"

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: من زۆر خۆشحاڵ دەبم کاتێک دەگەڕێم لە ئینتەرنێت بۆ زاراوەیەک لە زمانی کوردیدا هەندێک لێکۆڵەر و توێژەری نێودەوڵەتیمان هەیە لە بارەی زمانی کورییەوە بە ئینگلیزی نووسیویانە ئەمە شتێکی زۆر باشە کە کولتوور و زانیاری لەسەر زمانەکەمان بە زمانی دیکە ببەینە دەرەوە، زمانی ئێمە زۆر دەوڵەمەندە و ئەگەر زیاتری نەبێت کەمتر نییە لە زمانەکانی دیکە، لە روانگەی زمانەوانییەوە هیچ زمانێک باڵاتر نییە لەوەی دیکە تەنانەت ئەگەر ١٠٠ کەسیش قسەی پێ بکا، چونکە هۆکاری لە یەک تێگەشتنی  ئەو ١٠٠ کەسەیە لە یەکتر هەروەها بوونی زاراوای جیاواز بۆ هەموو زمانەکانی دیکەش ڕاستە بەڵام زمانەکانی دیکە زاراوەیەکیان کردووە بە ستاندارد و هەموو بابەتەکان لەوەیە، ئەگەر زمانی دایک پشتگوێ بخرێت و دەبێت لە پەروەردەدا سەرەتا فێری زمانی دایک بکرێت نەک زمانەکانی دیکە چونکە دواتر دەتوانن خۆیان فێری زمانەکانی دیکە بکەن، ئێمە دەتوانین زمانی ئینگلیزی بکەینە دەرفەتێک بۆ ئەوەی خزمەت بە زمانی کوردی بکەین، ئەگەر منداڵ لە زمانی دایک داببرێت ئەوا ناتوانێت بە قوڵی لە کلتوری خۆی تێبگات ناتوانێت لە شعر و قەسیدەی خۆمان تێبگات ناتوناێت نالی و سالم و کوردی بناسێت، وەک چۆن نەوەکانی پیش خۆمان توانیان لە رێگەی ئەدەبەوە ئەو کولتوورە جوانە بپاریزن بۆ ئێمە.

 

بۆ زمانی دایک، دایک و باوک کاریگەرییان لەسەر منداڵەکانیان هەیە"

بێخاڵ ئەبوبەکر وتی: لە پرۆسەی بە کولتوور کردن و کۆمەڵایەتی کردن زمانی دایک زۆر ڕۆڵ دەبینێت، بۆیە دەتوانین بڵێن کە زمانی ئینگلیزی هەم دەرفەتە بۆ پێشخستنی زمانی کوردی هەم مەترسی بۆ سەر زمانی کوردی، بۆ ئەوەی لەو تۆڕە جییهانییە هەیە بۆ زانیاری و ئاشنا بن بە زمانی کوردی و بزانن کە لە ڕێگەی زمانی کوردییەوە خزمەت دەکرێت بە مرۆڤایەتی و لە رووی زمانەوانییەوە، من ناتوانم باس لە هەموو خوێندگە و زانکۆ تایبەتەکان بکەم ئەگەر ئامار و توێژینەوەیەکم لەبەردەستا نەبێت، چونکە جیاوازیان هەیە، خوێندنەی ئەهلی وامان هەیە گرنگی بە زمانی کوردی دەدات لە تەنیشت زمانی ئینگلیزادا کە ئەوە شتێکی زۆر باشە، ساڵی رابردوو لەگەڵ دوو خوێندکاری قۆناخی چواردا ، توێژینەوەیەکمان کرد لە نیوان دوو خوێندنگەدا، ڕاپرسییەکەمان ئەوەبوو کە تا چەند بە زمان و کولتوور و زارەکانی کوردی ئاشنان، لە ناوە شتەکان و ناوی خواردنەکان وەک دروێنە، بوکە بە بەرانە، گەنمە کوتاو گوێزەبانە ئەم شتانەمان کردبوویە ناو ڕاپرسییەکەوە، ئەو ئەنجامەی کە بۆمان هاتەوە کاریگەری زمانی ئینگلیزیمان دی لەسەر زمان و کولتووری کوردی، هەرچەندە ئەو قوتابخانانەی کە هەڵمان بژاردبوو ئەوانە بوون کە گرنگی بە زمان و کلتور و بۆنە کوردیەکان دەدەن، دەتوانین بلین ئەم ڕیژەیە دەگۆرێت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و گرنگی خێزان و دایک و باوک چەند گرنگی بە زمانی کوردی دەدەن و تا چەند بە پیرۆز سەیری دەکەن منداڵەکانیش ئاوا سەیری دەکەن، گەر بە پێچەوانەوە بێت و بلین زمانی کوردی زمانی زانست خوێندن نیە و بچیتە دەرەوەش بە ئینگلیزی دەخوێنیت ئەوا مندالەکانیش وا دەبن، دەتوانم بڵێم پەروەردە بە پلەی یەک لە خیزانەوەیە  کە تا چەند منداڵەکان گرنگی بە زمان و شیوەزار و ناوە کوردییەکان دەدات و دەبێت هەستیار بێت بەرامبەر کولتووری کوردی وچەند منداڵەکانمان بە زمانی کوردی و پەندی کوردی و بە نۆرمی جوان و ناوی ناوچە جوگرافیە جیاوازەکانمان ئاشنا بێت و دەبێت هەستیار بێت بەرامبەر کولتووری خۆی و ئەو گرنگییە لە خێزانەوە دەست پێدەکات تا دێتە قۆناخی خوێندن و لەوێوە ئەرکی پەروەردە دەست پێدەکات.

 

"دەبێت بزاندرێت کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن چ زمانێک و چ زاراوەیەک بەکاردینن"

ئاماژەی بەوەشکرد، دواتر دێتە سەر ئەرکی میدیاکان و دامودەزگاکان و تەنانەت مزگەوتەکانیش، ئەم پرۆسەیە بابەتێکی گشتگیرە لە ناو هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەدا ڕۆڵی خۆی دەبینێت و تەنانەت سیاسەتی کولتووری دەبێت حکومەت خەم لەو بابەت بخوات و دەبێت بزاندرێت کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن چ زمانێک و چ زاراوەیەک بەکاردینن چونکە کاریگەری راستەوخۆ دەکاتە سەر کۆمەڵگە، هەروەها کۆمەڵیک جیاوازی هەیە کە لە دەزگا میدییایەکاندا هەستی پێدەکەین و هەر دەزگایەک زاراوە و دەربرینێکی جیاوازی بۆ خۆی داناوە ، ئەمەیە وای کردووە کە ئێمە هەست بەو پەرتەوازەییە بکەین لەگەڵ ئەوەی زمان یەکێکە لە هۆکارەکانی یەکخستنی نەتەوەیە ، چونکە زمان ئەو هەستە نەتەوەییەی بۆ دروست دەکات هەتا ئەگەر لەو ناوچە جوگرافیەشدا دانەنیشێت بۆ نمونە کوردەکانی هەندەران سەیر دەکەین کاتی نەورۆز و بۆنەکان یاخود کاتی روودانی کارەسات و هێرشەکان وەک هێرشەکەی سەر ڕۆژئاوای کوردستان هاتنە سەر شەقامەکان، ئەوە زمان و ئاڵایە کە وا دەکات هەست بەوە بکەین کە سەر بە نەتەوەیەکین ئەو هەستی پەیوەست بوون و وابەستەبوونە بە زمان دروست دەبێت، ئێمە گەر بمانەوێت کە نەوەکانی دوای خۆمان ئەو هەستەیان هەبێت دەبێت خەمان بێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە چەندین زمان فێر ببن بەڵام نابێت لەسەر حسابی زمانی دایک بێت، دەبێت فێری زمانی دیک ببن لەگەڵ پاراستنی زمانی دایک ، ستراتیجێکی تر ئەوەیە کە هاوشێوەبوون واتە ئەم کەسە زمان و کلتوری خۆی لەبیر دەکات و هی کلتور و زمانی دیکە فێر دەبێت، یەکێکی دیکەیەن جیاکردنەوەیە کە بەتەواوەتی وا هەست دەکات ئەم دوو زمانە هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نییە ، بە پێچەوانەوە چەندین خاڵی هاوبەشیان هەیە، هەر لە زانستی زمانەکاندا ئەوەی لە زمانی ئینگلیزیدا لێکۆڵینەوەی لە بارەوە کراوە ئێمەش لە زمانی کوردیدا هەمانە، شتێک نییە لە ئینگلیزیدا هەبێت لە کوردیددا نەبێت،خۆشبەختانە لە بەشی کوردی زانکۆی سلێمانی زۆر پێشکەوتن هەیە و چەندین توێژینەوەی جیاواز لەسەر زمانی کوردی ئەنجامدراوە ، میتۆدە پێشکەوتووەکانیان هێناوە لەسەر زمانی کوردی جێبەجێی دەکەن کە ئەمە خاڵێکی باشە بۆ بەرەوێیشچوونی زمانی کوردی و وەک خۆگونجاندنی ئەم دوو زمانەیە، ستراتیجی چوارەم پەراوێزخستنە کاتێک کەسێک زمانێکی نوێ فێردەبێت زمانی دایک پەراوێز دەخات، ڕەنگە لە ناخی خۆیدا ململانێی بۆ دروست ببێت لە دەرەوە پێی دەڵین زمانی ئینگلیزی گرنگە لە ماڵەوە بو کوردی قسە دەکەن، لە کاتێکدا ئێمە کۆمەڵێک دابونەریت و کلتورمان هەیە تایبەتە بۆ خۆمان ئیتر بۆچی کلتوری نەتەوەی دیکە بەکاربهێنین،

 

" دەوڵەتانی دراوسێ بۆ سڕینەوەی زمانی کورد و نەتەوەی کورد بەردەوام لە جینۆسایدکردنی کوردان"

لە کۆتایی قسەکانیدا بێخاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک کورد بەسەر پارچەکانی کوردستاندا دابەشبوو لە ڕێکەوتنی سایکس بیکۆدا، گورزێکی کوشندە بەر کورد کەوت، سەرەڕای ئەوەی یەکسانی ماف لە جاڕنامەی جیهانییەکانی مافی مرۆڤدا باسکراوە، بەڵام کورد لە تەواوی پارچەکانی کوردستاندا ڕووبەڕووی کوشتن و جینۆساید بوەتەوە، جیاوازی زمان و کولتوور و دابونەرییتەکان لە ماف و ئەرکدا یەکسانن، بەڵام دەوڵەتانی دراوسێ بۆ سڕینەوەی زمانی کورد و نەتەوەی کورد بەردەوام لە جینۆسایدکردنی کوردان، وتی: جیاوازی زمان نابێت لە شکۆی مرۆڤەکان کەم بکاتەوە، لەگەڵ  پەیمانی سایکس بیکۆدا جیاکاریان خستە نێوان پارچەکانی کوردستان و نەتەوە و زمانەکاندا دروستکرد، تا لە ڕێگەی پارچەکانی کوردستانەوە کورد لە ناوببرێت، بەڵام لە وڵاتانی دەرەوە دەوڵەتی هاوڵاتی بوونی هەیە، کە سەرجەم زمان و ئایین و نەتەوەکان بەیەکچاو تەماشا دەکرێن، بەڵام ئەم سیاسەتە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕەوا نابیندرێت، گەلانی ئەم ناوچەیەش کەوتونەتە یارییەک کە کوردەکان لە دژی کورد بەکاردەهێنن، ڕێگرییەکان بۆ زمانی دایکمان زۆرە هیوادارم ئەمساڵ بتواندرێت زمانی دایک ببێتە زمانێکی جیهانی و نەوەکانمان لە ساییەی پێکەوەیەوە لە وڵات و داهاتوویەکی پڕشنگدار بژین.